یاریزانانی ریال مەدرید تەمبەڵ و تەوەزەڵن؛ لە یارییەکانی ئەم وەرزەی چامپیۆنزلیگ لەناو یاریگا راناکەن
ریال مەدرید لە رووی راکردنی یاریزانەکانی خراپترین یانەی یارییەکانی چارەکی کۆتایی بوو

یاریگا –
بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی، یاریزانانی ریال مەدرید لەم وەرزەی چامپیۆنزلیگ لەسەر لاکێشەی سەوز راناکەن، سێکچوکەکەی پێشەوەی لۆس بلانکۆس لەنێو تەمبەڵترین یاریزانەکانی چامپیۆنزلیگدان.
رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی لە راپۆرتێکیدا ئاماژەی بە یەکێک لە هۆکارە هەرە سەرەکییەکانی ئەنجامە خراپەکانی ریال مەدرید کردووە، ئەویش رانەکردن و شەکەت و ماندووبوونی یاریزانانی لۆس بلانکۆسە، کە لە یارییەکانی ئەم هەفتەیەی چوونی قۆناخی چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگ، یاریزانانی ریال مەدرید بەراورد بە هەر حەفت یانەکەی دیکە کەمترین مەودا رایان کردووە.
یاریزانانی ریال مەدرید لە یارییەکەی ئارسیناڵ کە 3-0 تووشی شکست بوون، تەنیا 101 کیلۆمەتر و 200 مەتر رایان کردوو، لەکاتێکدا یاریزانانی ئارسیناڵ لەو یارییە 12 کیلۆمەتر زیاتر رایان کردبوو، یاریزانانی گەنەرز بەرامبەر مێرەنگی 113 کیلۆمەتر و 900 مەتر رایان کردبوو.
تەنانەت یاریزانانی ریال مەدرید ئەم هەفتەیە هێندەی یاریزانانی بۆڕووسیا دۆرتموندیش رایان نەکردووە کە بە چوار گۆڵی خاوێن بە بارسێلۆنا دۆڕان، زەردەواڵەکانی دۆرتموند زیاتر لە 113 کیلۆمەتر رایان کرد، هیچ یانەیەک لەنێو حەفت یانەکەی دیکە لە 110 کیلۆمەتر کەمتر رایان نەکردووە.
سێکوچکەکەی پێشەوەی ریال مەدرید (ئێمباپێ و ڤینیسیوس و رۆدریگۆ) لەم وەرزەی چامپیۆنزلیگ لە لیستی یاریزانە تەمبەڵ و تەوەزەلەکانی پاڵەوانێتییەکەدان، ئێمباپێ لەم وەرزە لە هەر یارییەک تەنیا 8 کیلۆمەتر رایکردووە، ڤینیش تەنیا 8.8 کیلۆمەتر رایکردووە و رۆدریگۆش لە هەر یارییەک 9.5 کیلۆمەتر رایکردووە.
رۆژنامە مەدریدییەکە ئاشکرایکردووە، یاریزانانی ریال مەدرید هێندە ماندوون، لەم وەرزەی چامپیۆنزلیگ لە هەر یارییەک بەلایەنی کەمەوە 107 کیلۆمەتر رایان دەکرد، کەچی لە یارییەکەیان لە لەندەن 6 کیلۆمەتر لەو مەودایەش کەمتر رایانکردووە.
یاریزانانی ریال مەدرید لەم وەرزە جگە لە یارییەکەیان بەرامبەر ئاتاڵانتا لە زۆربەی یارییەکانی دیکە لە یاریزانانی تیپی بەرامبەریان کەمتر رایانکردووە، تەنیا لە یارییەکەیان بەرامبەر ئاتاڵانتا 115.6 کیلۆمەتر رایانکردووە.
لە لیستی ئەو یاریزانانەی لەم وەرزەی چامپیۆنزلیگ زۆرترین مەودا رایانکردووە، فێدریکۆ ڤالڤێردی تاکە یاریزانی ریال مەدریدە لە پلەی پازدەمین دێت و 120.1 کیلۆمەتر رایکردووە.