
یاریگا –
سەمیر بابۆ راهێنەری یانەی هەولێر دوای ئەوەی لە دەستلەکارکێشانەوەکەی پەشیمان بووەوە و دوێنێ گەڕایەوە راهێنانەکانی یانەکەی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی دۆخی یانەکەی و هۆکارەکانی رازیبوونی بۆ گەڕانەوەی بۆ راهێنەرایەتی یانەکە قسە بۆ میدیاکان دەکات.
سەمیر بابۆ راهێنەری هەولێر لە کۆنگرەی رۆژنامەوانییەکەی گوتی :’لە هەموو لایەنێک سۆز و بەڵێنمان پێدراوە کێشەکانی یانەی هەولێر چارەسەر بکرێن، بەتایبەتی دەستوەردان لە کارەبارەکانی یانەکە نەکرێن، تاوەکو کۆتایی وەرز گرێبەستم لەگەڵ یانەکە هەیە و بەردەوام دەبم لە یانەکە’.
هەروەها گوتیشی :’ئامانجمانە لە کۆتایی وەرز لە خولی ئەستێرەکانی عێراق لە پلەکانی هەشتەم تاوەکو دوازدەمی ریزبەندیی خولەکە بین، ئێمە لەپێناوی خزمەتی یانەکە گەڕاینەوە، لەوانەیە منیش هەڵەم هەبێت، بەڵام داوا دەکەم پەیوەندیمان بە دەرەوەی یانەکە نەبێت، هەمیشە یانەی هەولێر باجی قەرزەکانی ساڵانی پێشتری داوە، سوپاس بۆ خوا ئێستا کێشەی داراییمان نییە’.
بابۆ گوتیشی :’ئەوەی بە من راگەیاندراوە وەرزی داهاتوو یانەی هەولێر بەهێز دەبێت، من یان هەر کەسێکی دیکە راهێنەری یانەکە بێت، یانەکە بەهێزەوە و بە سەقامگیرییەوە کار دەکات، گرێبەستەکەی من تاوەکو کۆتایی وەرزە، با هەموومان بەرژەوەندییە کەسییەکانمان وەڵابنێین، کەسانێک هەن زۆر پێداگیرن لەسەر سەرکەوتنی یانەی هەولێر و راستەڕێکردنی یانەکە’.
دۆخی یانەی هەولێر هێور بکەنەوە، ئینجا هەڵسەنگاندن بۆ ئاست و ئەنجامی یانەکە بکەن و ئەوکاتیش بەرپرسیارەتی ئەنجامەکانی یانەکەم لە ئەستۆ دەگرم.
بابۆ دەشڵێت :’بۆ وەرزی داهاتوو پلانی باش هەیە بۆ ئەوەی یانەی هەولێر بگەڕێتەوە رێچکەی جارانی، لە ماوەی داهاتوو ئارامی و هێمنی باڵ بەسەر یانەکە دەکێشێت، گرنگترین و پێویستترین شت ئەوەیە کەشوهەوایەکی ئارام لە یانەکەمان هەبێت’.
ئێوارەی دوێنێ سێشەممە هەولێر بە راهێنەرایەتی سەمیر بابۆ دەستی بە مەشق و راهێنانەکانی کردەوە و خۆی بۆ یاریی داهاتووی بەرامبەر حدوود ئامادە دەکات، کە رۆژی هەینی لە بەغدا یانەکەی قەڵاومنارە لە خولی ئەستێرەکانی عێراق دەبێتە میوانی حدوود.
دوای دۆڕانی دوا یاری بەرامبەر قاسم 0-1 لە یاریگای فڕانسۆ هەریری، سەمیر بابۆ لە لێدوانێکیدا رۆژنامەوانیدا، چەندین کێشەی کارگێڕی ئاشکراکرد و داوای گەردن ئازایی لە هاندەران و یاریزانانی یانەکەی کرد.
بابۆ لە دەستپێکی ئەم وەرزە، ئەرکی مەشقی یانەکەی گرتە ئەستۆ و گۆڕانکاری گەورە لە پێکهاتەی سەرەکی یانەکەدا کرا، بەڵام کەتیبەکەی بابۆ ئێستا بەکۆکردنەوەی 32 خاڵ لە پلەی چواردەمی ریزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراق دێت، هەرچەندە یارییەکی دواخراوی بەرامبەر دهۆک هەیە.