
یاریگا –
قادسیە بەرنامەی گەشت و ئامادەکارییەکانی یانەکەی بۆ یارییەکەی دهۆک راگەیاندووە و رۆژی پێنجشەممە دێنە کوردستان و حەفت رۆژ لێرە دەمێننەوە.
یانەی قادسیەی کوێتی دوای ئەوەی لە یاریی چوونی کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی کەنداو بەبێ گۆڵ لەگەڵ دهۆک یەکسانبوون، رایگەیاندووە رۆژی پێنجشەممە دەگەنە هەولێر و رۆژانی هەینی و شەممە و یەکشەممە و دووشەممە و سێشەممە لە دهۆک مەشق و راهێنان دەکەن.
📰 خبر |
القادسية إلى اربيل الخميس المقبل .. 🇮🇶 ✈️ pic.twitter.com/SaRDlxvh6y— نادي القادسية الرياضي (@QadsiaClub) April 8, 2025
یانەی قادسیە رایگەیاندووە، پێنج رۆژ لەسەریەک لە کوردستان مەشق و راهێنان دەکەن، رۆژی سێشەممەش وەکو بەشێک لە رێکارەکانی یارییەکانی پاڵەوانێتییەکە، راهێنەر و یاریزانێکی یانەکە بەشداریی کۆنگرەی رۆژنامەوانی دەکەن.
رۆژی سێشەممەی داهاتوو قادسیە لە یاریی گەڕانەوەی کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی کەنداو دەبێتە میوانی دهۆک، کاتژمێر 07:00ـی ئێوارە لە یاریگای دهۆک هەردوولا بەیەک دەگەن.
قادسیە شەشەمجارە بەشداریی خولی یانە پاڵەوانەکانی کەنداو دەکات و پێشتر دوو جار بووەتە پاڵەوان و دهۆکیش یەکەم یانەی عێراقییە لە مێژوودا بەشداریی پاڵەوانێتییەکە بکات و گەیشتووەتە یاریی کۆتایی.
رۆژی سێشەممە (15ـی ئەپرێل/نیسانی 2025) کاتژمێر 19:00 دهۆک و قادسیە لە یاریگای دهۆک یاریی گەڕانەوەی خولی یانە پاڵەوانەکانی کەنداو دەکەن.