
یاریگا –
رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی راپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە و هێرشێکی توند دەکاتە سەر کارلۆ ئانچێلۆتی.
شەممەی رابردوو ریال مەدرید لە یاریگای خۆی میوانداری ڤاڵێنسیای کرد، بۆ یەکەمجار لەدوای 17 ساڵ لە بێرنابیۆ بە شەمشەمەکوێرەکان دۆڕا، بەو هۆیە ئانچێلۆتی رووبەڕووی رەخنەیەکی زۆر بووەتەوە.
رۆژنامەی ئاس بڵاویکردووەتەوە، ئانچێلۆتی بە بڕیارە خراپەکانی خەریکە ژووری خۆگۆڕین لەدەستدەدات و هاندەرانی یانەکەش متمانەیان بە راهێنەرە ئیتاڵییەکە نەماوە.
هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوەش کردووە، کارلۆ بەرامبەر ڤاڵێنسیا لە هەموو شتێکدا شکستیهێنا، سێ ئەرکی هەبوو. یەکەم شت، پێکهاتەکی هەڵەی دانابوو، دووەم شت گۆڕانکارییەکانی بێسود بوون و سێیەم شتیش لە بڕیارە ستراتیژییەکاندا سەرکەوتوو نەبوو.

ئاس دەڵێت، کەس تێناگات بۆچی راوول ئاسێنسیۆ لەسەر کورسی یەدەک بوو؟ یاخود بۆچی ئانچێلۆتی جارێکی دیکە چوامێنی وەک یاریزانی دڵی بەرگری یاریی پێکرد؟ لەوانەش خراپتر هەمووان دەبینن ئاستی لوکاس ڤاسکێس چەندە خراپە و بەتایبەت بەرامبەر رافینیا و نیکۆ ویلیاماز چی بەسەرهات، کەچی هێشتا کارلۆ بەشێوەی سەرەکی پشتی پێ دەبەستێت.
لەلایەکی دیکە ئانچێلۆتی بەردەوام لە بەرگری باڵی چەپ پشت بە کاماڤینگا دەبەستێت، سەرەڕای ئەوەی چەند جارێک یاریزانە فەڕەنسییەکە لەو باڵە تاقیکراوەتەوە و ئاستی کارەساتباربووە، بەڵام کارلۆ وازی لەو بیرۆکەیە نەهێناوە و لەسەری بەردەوامبووە، لەکاتێکدا یاریزانەکە لە هێڵی ناوەڕاست سودێکی زۆری بۆ تیپەکە دەبێت.
یەکێکی دیکەی لەو بڕیارانەی کەس لێی تێناگات ئەوەیە، بۆچی لەکاتێکدا کیلیان ئێمباپێ کێبڕکێی بەدەستهێنانی خەڵاتی گۆڵکاری وەرز دەدات، کەچی کارلۆ جێبەجێکردنی پێناڵتییەکانی بە ڤینی سپاردووە و ئەوەش بڕیارێکی تەواو ترسنۆکانەیە و زیاتر وەک رازیکردنی دڵی ڤینی سەیردەکرێت.

لەناوبردنی یاریزانە لاوەکان؛
ئاس لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئانچێلۆتی یاریزانە لاوەکانی ریال مەدریدی لەناوبردووە و پشتیان پێنابەستێت.
کارلۆ لەسەرەتای وەرزەوە دەرفەت بە یاریزانە لاوەکان نادات و لەسەر یاریکردن لە یارییە گرنگەکان رایانناهێنێت، بەو هۆیە تیپەکە بەردەوام لە یاریزانی کەمە و بۆ یاریی چارەنووسساز یاریزانی پێویستی لەبەردەستدا نابێت.
بۆنمونە ئەگەر سەیری بارودۆخی ئاردا گولەر بکەین، کارلۆ پێیباشترە دڵی لوکا مۆدریچ رابگرێت، سەرەڕای هەڵکشانی تەمەنی ئەستێرە کڕواتییەکە بەردەوام یاریی پێدەکات و بەپێچەوانەی پێشبینییەکان زۆرترین خولەک یاریی پێدەکات، لەوکاتەی یاریزانێکی لاو و ئاستبەرزی وەک ئاردا گولەری پشتگوێخستووە.
گولەر تاکە قوربانی نییە، ئێندریکی بەڕازیلی بە درێژایی وەرزەکە بەشداریی هەر یارییکی کردووە تاوەکو کۆتایی جەنگاوە و شوێنپەنجەی خۆی جێهێشتووە، لە جامی شای ئیسپانیا کە زۆرترین دەرفەتی پێدراوە بووەتە فریادڕەسی تیپەکە و گۆڵکاری یانەکەشتیەتی، سەرەڕای ئەوە راهێنەرە ئیتاڵییەکە لە پشتگوێخستنی بەردەوامە و دەرفەتی پێنادات.
ریال مەدرید بەهۆی پێکانی ئەستێرەکانی بەناچاری بە حەوت یاریزانی لاوەوە گەشتی لەندەی کردووە، بەڵام لەو حەوت یاریزانە تەنیا راوول ئاسێنسیۆ دەرفەتی پێدراوە، خۆ ئەگەر کارلۆ لە سەرەتای وەرزەوە دەرفەتی بەوانی دیکەش بدایە ئێستا رووبەڕووی ئەو گرفتانە نەدەبوونەوە.
رۆژنامەی ئاس لە درێژەی راپۆرتەکەی نوسوییەتی ئەو کەسانە سەری ئانچێلۆتی دەخۆن کە بەردەوام ئەو هەستەی پێدەبەخشن گوایە راهێنەرێکی پاڵەوان و بێکەموکوڕییە و هەڵەکانی ناخەنە بەرچاو.
یارییەکانی بەرامبەر ئارسیناڵیش لە قۆناخی چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگ و یاریی کۆتایی جامی شای ئیسپانیا چارەنووسی ئانچێلۆتی لەگەڵ ریال مەدرید یەکلایی دەکەنەوە.