هەواڵێکی ناخۆش بۆ مەدریدییەکان، ئەگەری سڕ کردنی بێڵینگهام بۆ یارییەک هەیە

یاریگا –
دەنگۆی سزادان و راگیرانی جود بێڵینگهام، ناوەڕاستکارەکەی ریال مەدرید بە هۆی شەق لێدان لە شاشەی ڤار میدیاکانی تەنیوە.
ریال مەدرید لە بەرگریکردن لە نازناوی لالیگادا تووشی شکستێکی قورس بوو، لە یارییەکی چارەنووسسازدا بەرامبەر ڤالێنسیا لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ بە ئەنجامی 1-2 دۆڕا. ئێستا ریال بە چوار خاڵ لەدوای بارسێلۆناوەیە و لە کاتێکدا تەنیا هەشت یاریی ماوە و بارسێلۆنا ئەمساڵ لە هیچ یارییەک تووشی شکست نەبووە.
لە کۆتایی یارییەکەدا بێلینگهام تووڕەبوون لەڕادەبەدەری پێوە دیاربوو و بە رووخسارێکی نائومێدەوە یاریگای جێهێشت. گۆڵەکەی ڤالێنسیا لە خولەکی 95 رەنگە توڕەیی و بێزاری یاریزانانی تیپەکەی زیاتر کردبێت.
لەکاتێکدا بێلینگهام بەرەو ژووری جلگۆڕین دەڕۆیشت، لەکاتی تێپەڕین بەلای شاشەی ڤاردا شەقێکی لە شاشەکەدا و تووڕەیی خۆی بەو شەق لێدانە تارادەیەک دامرکاند، ئەمەش لە یاساکانی لالیگادا قەدەخەیە.
رەنگە تاکە چانسێک بۆ بێلینگهام ئەوە بێت کە ئەو ئامێرە نەکەوتە سەر زەوی و نەشکاوە. بەڵام لە یاساکانی لالیگادا هاتووە کە یاریزانان بەهۆی “کردەوەی توندوتیژی دژی ئامێرەکان” سزا دەدرێن. ئەگەر دەرکەوت کە بە ئەنقەست زیانیان بە موڵک و ماڵی خولەکە گەیاندووە، ئەوا دەکرێت سزای راگرتنی لە نێوان یەک بۆ سێ یاریدا بەسەردا بسەپێندرێت، لەگەڵ پێبژاردن و ئاگادارکردنەوەی فەرمی.
ریال مەدرید بە کۆکردنەوەی 63 خاڵ لە پلەی دووەمی ریزبەندی لالیگا بە جیاوازی چوار خاڵ لەدوای بارسێلۆنای رکابەریەەوە دێت و ئەستێرە ئینگلیزییەکە لەم وەرزەدا توانیویەتی 8 گۆڵ و 7 ئەسیست بۆ یانە شاهانەکە تۆمار بکات.