عێراقکوردستانگرنگترین

سیپان سەدیق لە درێسینگ رووم: هەر یارییەک ببەینەوە دایکم بە دۆڵمە دەعوتی یاریزانانی زاخۆ دەکات

دەڵێت: بڕوامان بەخۆمان هەیە ببینە پاڵەوانی خولی ئەستێرەکانی عێراق

Yariga App

یاریگا –

سیپان سەدیق بەرگریکاری یانەی زاخۆ لە نوێترین ئەڵقەی بەرنامەی درێسینگ رووم دەڵێت ‘هەر یارییەک ببەینەوە دایکم بە دۆڵمە و سەروپێ دەعوتی یاریزانانی زاخۆ دەکات و یاریزانەکان زۆر حەزیان بەو دوو خواردنەیە’.

سیپان سەدیق بەرگریکاری یانەی زاخۆ لە نوێترین ئەڵقەی بەرنامەی درێسینگ رووم کە ئەمشەو کاتژمێر 09:00 بڵاو دەبێتەوە، دەڵێت :’زۆربەی یاریزانەکانی زاخۆ بەتایبەتی یاریزانە پیشەگەرەکان دێنە ماڵی ئێمە و خواردنی دەستی دایکم دەخۆن، دایکم پێیان دەڵێت هەر کاتێک بردتانەوە وەرن دۆڵمە و سەرپێ بخۆن، یاریزانەکان زۆر حەزیان لە دۆڵمە و سەروپێیە، بەتایبەتی ئەمجەد عەتوان و ئەحمەد ئیبراهیم’.

May be an image of 1 person, newsroom and text

سیپان دەشڵێت :’خەڵکی زاخۆ بە هەڵسوکەوت و میواندۆستییەکەیان یاریزانە پیشەگەرەکانیان تووشی سەرسوڕمان کردووە، یاریزانە پیشەگەرەکان دەڵێن ئەوەی لە زاخۆمان بینیوە لە هیچ شوێنێک نییە’.

بەرگریکارە زاخۆییەکە محەمەد دلاوەر بەرگریکاری لاوی نەورۆز بە باشترین بەرگریکاری راستی ئێستای خولی ئەستیرەکانی عێراق دادەنێت و حەیدەر مەحموودیش بە باشترین بەرگریکاری راستی مێژووی هەڵبژاردەی عێراق دەزانێت.

سیپان دوو خووی خۆی ئاشکرا دەکات و دەڵێت :’لەوەتەی ساڵی 2019 لە ژووری جلگۆڕینی یاریگای زاخۆ لەسەر هەمان کورسی دادەنیشم، هەست دەکەم لەسەر ئەم کورسییە ئاسوودەترم، هەر یاریزانێک بیەوێت لەسەر ئەم کورسییە دابنیشێت زوو پێی دەڵێن ئەم کورسییە تایبەتە بە سیپان سەدیق، پێش یارییەکانیش هەرگیز قژم شانە ناکەم، هەست دەکەم ئەگەر قژم شانە نەکەم بەختم باشترە و ئاسوودەترم’.

بەرگریکارەکەی زاخۆ دەشڵێت :’بڕوای تەواومان بەخۆمان هەیە ئەم وەرزە دەتوانین ببینە پاڵەوانی خولی ئەستێرەکانی عێراق، لە هیچمان کەم نییە و پێویستە یەک دەست بین بۆ ئەوەی ئامانجەکەمان بپێکین و نازناوەکە ببەینەوە’.

درێسینگ رووم بەرنامەیەکی تایبەتی تۆڕی وەرزشی یاریگایە، بۆتان عومەر پێشکەشی دەکات و هەر جارێک لە درێسینگ روومی یاریگایەک میوانداریی ئەستێرەیەکی تۆپی پێی کوردستان دەکات، ئەمشەو کاتژمێر 09:00 نوێترین ئەڵقەی لە فەیسبوول و یوتیوب بڵاو دەبێتەوە، سیپان سەدیق بەرگریکاری یانەی زاخۆ نهێنی و چیرۆکەکانی کاروانی وەرزشی خۆی دەگێڕێتەوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button