
یاریگا –
چاوپێکەوتنەکەی دوێنێی کیلیان ئێمباپێ لە فەرەنسا بووە جێی مشتومڕ و ئەستێرەکەی ریال مەدریدی ناچار کرد کاردانەوەی هەبێت.
کیلیان ئێمباپێ یەکێک بوو لە کەسایەتییە دیارەکانی رۆژی یەکشەممە. نەک بەهۆی ئاستەکەی لە یاریگادا، بەو پێیەی ریال مەدرید رۆژی شەممە بە ڤالێنسیا دۆڕا و کیلیان نەیتوانی گۆڵ تۆمار بکات، بەڵکو بەهۆی چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ ئانا پاستور لە بەرنامەی ئێل ئۆبتیۆ.
هێرشبەرە فەرەنسییەکە بە راستگۆیی تەواوەوە لەسەر بابەتگەلی جۆراوجۆر قسەی کرد؛ لەوانە هاتنی بۆ ریال مەدرید و گرنگی خێزانەکەی و رۆڵی دامەزراوە خێرخوازیەکەی و شوێنی لە یاریگا و پەیوەندی لەگەڵ ڤینیسیۆس جونیۆر.
چاوپێکەوتنێک کە تیایدا ئێمباپێ هیچ لێدوانێکی مشتومڕاوی نەدا، بەڵام لە فەرەنسا پێیان وا نەبوو. رستەیەکی تایبەت لە وڵاتەکەی سەرنجی زۆرانی بەلای خۆیدا راکێشا.
سەبارەت بە پەیوەندیکردن بە ریال مەدریدەوە گوتی:
شتگەلێکی گرنگتر هەن لە پارە، بۆ من قورس نەبوو لەنێوان ریال مەدرید و پارە یەکیان هەڵبژێرم، بەدڵنیاییەوە پارە گرنگە، بەڵام بۆ من گرنگترین شت دڵخۆشییە، دەمزانی لێرە دڵخۆش دەبم.
رۆژنامەی فوت مێرکاتۆی فەرەنسی ئەو قسەیەی بە هێرشکردنە سەر پاریس سان جێرمان لێکدانەوەی بۆ کرد. لە تویتێکدا نووسیویانە “ئەمە بۆ هاندەرانی پاریسی دڵخۆشکەر نابێت”.
بەڵام ئێمباپێ بێدەنگ نەبوو و لە هەژماری تایبەتی خۆیەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس وەڵامی پەیامەکەی دایەوە و ناڕەزایی خۆی نیشان دا.
Aucun rapport avec le PSG.
La question était sur l’étape d’après et le choix par exemple de l’Arabie ou un club comme le Real.
Concentrez vous sur ce qui se passe en France, le reste c’est pas pour vous vu que vous comprenez pas. La bise https://t.co/yv1mQK6N9Q— Kylian Mbappé (@KMbappe) April 6, 2025
سوپەر کیلیان نووسی:
“ئەمە پەیوەندی بە پاریس سانجێرمانەوە نییە، پرسیارەکە لەسەر هەنگاوی داهاتوو و هەڵبژاردنی من بوو، بۆ نموونە لە نێوان سعودیە یان یانەیەکی وەک ریال مەدرید، سەرنجتان لەسەر تۆپی پێی فەرەنسا بێت و کاتێک لە شتێک تێناگەن بێدەنگ بن، ئەمە هیچ پەیوەندییەکی بە ئێوەوە نەبووە. “
دوای وەڵامەکەی کیلیان ئێمباپێ، دەزگای فەرەنسی تویتەکەی سڕیەوە و مشتومڕەکانی زیاتر کرد.