عێراقکوردستانگرنگترین

هەر یاریزانێکی زاخۆ درێسەکەی بە هاندەران بدات سزا دەدرێت

لەم وەرزە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 100 هەزار درێسی زاخۆ فرۆشراون

Yariga App

یاریگا –

تاوەکو ئێستا زیاتر لە 100 هەزار درێسی زاخۆ فرۆشراون و هەر یاریزانێکی زاخۆ درێس بە هاندەرانی یانەکە بدات، سزا دەدرێت.

سیپان سەدیق، بەرگریکاری یانەی زاخۆ لە بەرنامەی درێسینگ رووم کە ئەمشەو کاتژمێر 09:00 لە یوتیوب و فەیسبووی تۆڕی وەرزشی یاریگا پەخش دەکرێت، دەڵێت :’لەبەر ئەوەی درێسەکانمان لە عێراق دەست ناکەون و ژمارەی درێسەکانمان کەمن، هەر یاریزانێک درێس بە هاندەران بدات بە پێبژاردنی 100 دۆلار سزا دەدرێت، لە یاریی نەفت لەبەر ئەوەی چەند یاریزانێک درێسیان بە هاندەران دابوو، بە پێبژاردنی بڕێک پارە سزادران’.

بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی تۆڕی وەرزشی یاریگا، یانەی زاخۆ درێسەکەی ئەم وەرزەی لە تورکیا دروستکردووە، لەبەر ئەوەی یانەی زاخۆ 200 دانەی لە درێسەکەی دروستکردووە، دوای ئەوەی بەشێک لە یاریزانەکان بەردەوام دوای یارییەکان درێسەکانیان بە هاندەران دەدا، یانەکە لە دابینکردنی درێسی یاریزانەکانی تووشی گرفت ببوو، بۆیە بڕیاریدا پێدانی درێس بە هاندەران لە یاریزانەکانی قەدەخە بکات.

دوای یارییەکەی نەفت چەند یاریزانێکی زاخۆ درێسەکانیان بە هاندەران دابوو، هەر یەکێکیان بە پێبژاردنی 100 دۆلار سزادران، کە ئەم وەرزە کۆمپانیایەک مافی فرۆشتنی درێسەکانی زاخۆی کڕیوەتەوە و بەگوێرەی زانیارییەکانی یاریگا تاوەکو ئێستا زیاتر لە 100 هەزار درێس بە هاندەرانی زاخۆ فرۆشراون.

زاخۆ بە کۆکردنەوەی 52 خاڵ پێشەنگی خولی ئەستێرەکانی عێراقی گرتووە و لەم وەرزە لە ئامادەبوونی هاندەران ریکۆردی تۆمارکردووە، تاوەکو ئێستا جگە لە کارەبا هیچ یانەیەک نەیتوانیوە لەناو یاریگای زاخۆ لەو یانە دەلالە بباتەوە، لەم وەرزە لە هەر یارییەکی زاخۆ لەناو یاریگای خۆی نزیکەی 30 هەزار هاندەر ئامادە دەبن.

درێسینگ رووم بەرنامەیەکی تایبەتی تۆڕی وەرزشی یاریگایە، بۆتان عومەر پێشکەشی دەکات و هەر جارێک لە درێسینگ روومی یاریگایەک میوانداریی ئەستێرەیەکی تۆپی پێی کوردستان دەکات، ئەمشەو کاتژمێر 09:00 نوێترین ئەڵقەی لە فەیسبوول و یوتیوب بڵاو دەبێتەوە، سیپان سەدیق بەرگریکاری یانەی زاخۆ نهێنی و چیرۆکەکانی کاروانی وەرزشی خۆی دەگێڕێتەوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button