کێ دەبێتە راهێنەری داهاتووی هەڵبژاردەی عێراق؟
شەش راهێنەر بەربژێرن بۆ ئەوەی ئەرکی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی عێراق بگرنە دەست

یاریگا –
شەش راهێنەر بەربژێرن بۆ ئەوەی لە شوێنی خیسوس کاساس ئەرکی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی عێراق بگرنە دەست، حوسێن عەموتە راهێنەری مەغریبی نزیکترین بەربژێرە بۆ ئەوەی لەو دوو یارییە چارەنووسسازەی عێراق لە پاڵاوتنەکانی مۆندیال ماوییەتی، راهێنەرایەتی شێرەکانی رافیدەین بکات.

حوسێن عەموتە نزیکترین بەربژێرە
حوسێن عەموتە راهێنەری مەغریبی یانەی جەزیرەی ئیماراتی بەربژێری یەکەمە بۆ ئەوەی ببێتە راهێنەری عێراق، کە ئەو راهێنەرە ساڵانە پێشتر راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی ئوردن و یانەکانی ویداد ریازی مەغریبی و جەیشی مەلەکی کردووە، عەموتە ئارەزوو دەکات لە یارییەکانی کۆریای باشوور و ئوردن ببێتە راهێنەری عێراق.
عەموتە چاوەڕێی ئۆفەری فەرمی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق دەکات، کە دوو ساڵ گرێبەستی لەگەڵ یانە ئیماراتییەکەی هەیە، بەڵام فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بە زووترین کات پەیوەندی بە یانەی جەزیرە دەکات، بۆ ئەوەی راهێنەرە مەغریبییەکە بە کاتی یان بە هەمیشەیی ئەرکی راهێنەرایەتی عێراق بگرێتە ئەستۆ.
بەگوێرەی زانیارییەکان، عەدنان درجال سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق پەیوەندی بگە حوسێن عەموتە کردووە، بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەبارەی وەرگرتنی ئەرکی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی عێراق بکەن، کە ئەو راهێنەرە مەغریبییە بە کەسە نزیکەکانی گوتووە دەیەوێت ببێتە راهێنەری شێرەکانی رافیدەین.
پێنج بەربژێری دیکە هەن بۆ ئەوەی شوێنی کاساس بگرنەوە
ئەگەر فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق لەگەڵ حوسێن عەموتە نەگاتە رێککەوتن، ئەوا پێنج بەربژێری دیکەی لەبەردەستە بۆ ئەوەی شوێنی کاساس بگرنەوە، کە بریتین لە سانتیاگۆ دینیا (ئیسپانیا)، هێکتۆر کوپەر (ئەرجەنتین)، هێلیۆ سوزا (پۆرتوگاڵ)، خوان ئەنتۆنیۆ پیتزی (ئەرجەنتین) و جەمال بلمازی (جەزائیر).
سانتیاگۆ دینیا پێشتر راهێنەرایەتی ئاتلێتیکۆ مەدرید و هەڵبژاردەی ژێر 19 و 17 و 16 ساڵانی ئیسپانیای کردووە و لە ئۆڵێمپیادی پاریس مێداڵیای زێڕی بۆ هەڵبژاردەی ئیسپانیا بەدەستهێنا.
هێکتۆر کوپەر راهێنەری 69 ساڵانی ئەرجەنتینی بەربژێرێکی دیکەیە، کە پێشتر راهێنەرایەتی یانەکانی ئینتەر میلانی ئیتاڵی، ڤالێنسیای ئیسپانی، ریال بێتیسی ئیسپانی، هەڵبژاردەکانی میسر و ئۆزباکستانو سووریا و کۆنگۆی کردووە.
کوپەر پێشتر میسری گەیاندووەتە مۆندیال، ئامادەیی دەربڕیوە لەو دوو یارییەی ماوییەتی ئەرکی راهێنەرایەتی عێراق بگرێتە ئەستۆ.
عێراق چۆن دەگاتە مۆندیالی 2026؟
مۆندیالی 2026 بۆیەکەمجار بە بەشداریی 48 هەڵبژاردە لە ئەمریکا و مەکسیک و کەنەدا بەڕێوە دەچێت، بۆیە ژمارەی کورسییەکانی هەر کیشوەرێک زیادی کردووە، پێشتر کیشوەری ئاسیا چوار بلیت و نیوی هەبوو، بەڵام بۆ مۆندیالی داهاتوو هەڵبژاردەکانی ئاسیا هەشت بلیت و نیویان دەبێت، واتە چانسی هەڵبژاردەکانی ئاسیا بۆ گەیشتن بە مۆندیال دوو هێندە زیادی کردووە.
لە سێ کۆمەڵەکەی قۆناخی کۆتایی پاڵاوتنەکانی ئاسیا بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2026، پلەی یەکەم و دووەمی هەر کۆمەڵەیەک راستەوخۆ دەگەنە مۆندیال، بەڵام ئەگەر عێراق ئەو دوو پلەیەشی لە کۆمەڵەکەی بەدەست نەهێنا، هێشتا هیوابڕاو نابێت و دوو چانسی دیکەی دەمێنێت.
لە کۆمەڵەی دووەمی قۆناخی کۆتایی پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026، عێراق بە کۆکردنەوەی 12 خاڵ لەدواوەی ئوردنی دووەم (13 خاڵ) دێت، کۆریای باشووریش بە 16 خاڵ پلەی یەکەمی کۆمەڵەکەی گرتووە، عێراق لە کۆمەڵەکەی دوو یاریی بەرامبەر کۆریای باشوور و ئوردن ماوە، هەردوو یارییەکەی بباتەوە راستەوخۆ دەگاتە مۆندیال.
عێراق سەرەتای مانگی حوزەیران/یونیۆ واتە دوای دوو مانگی دیکە هەردوو یارییەکەی دەکات، رۆژی 5ـی یۆنیۆ لە بەسرە میواندارییەتی کۆریای باشوور دەکات، دواتر رۆژی 10ـی هەمان مانگ دەبێتە میوانی ئوردن.