
یاریگا –
فرێنكی دی یۆنگ، ئەستێرەی هۆڵەندی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی داهاتووی خۆی لەگەڵ یانەكەی یەكلاییكردەوە.
دی یۆنگ لە گواستنەوەكانی 2019 لە ریزەكانی ئەیاكسەوە بە بەهای 86 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بە بارسێلۆناوە كرد و گرێبەستەكەی یاریزانە 27 ساڵانەكە لەگەڵ بارسێلۆنا لە هاوینی ساڵی 2026 بەسەردەچێت.
لەم وەرزەدا دی یۆنگ بەشداری 33 یاریی کردووە، ئەمەش دوای چاکبوونەوەی لە پێکانی پاژنەی پێ، کە ناچاریکرد بەشداری لە یۆرۆی 2024 لە ئەڵمانیا نەکات. دی یۆنگ 14 یاریی لە ساڵی 2025 کردووە.
بەهۆی قەیرانی دارایی و بەرزی مووچەکەی، کێشەی توند لە نێوان دی یۆنگ و بارسێلۆنا دروستبوو، تەنانەت ساڵی 2022 بارسا ئامادەبوو بەبڕی 75 ملیۆن یۆرۆ، دی یۆنگ بە مانچێستەر یونایتد بدات، بەڵام دواتر کێشەکانیان چارەسەرکران.
بە گوێرەی زانیارییەكانی موندۆ دێپۆرتیڤۆ، فرێنكی دی یۆنگ بەڕێوەبەری كارەكانی لە دوو خاڵ ئاگادار كردووەتەوە.
- گوێ لە ئۆفەری هیچ یانەیەكی دیكە نەگرێت.
- گرێبەستەكەی لەگەڵ بارسێلۆنا نوێ بكاتەوە
ئاماژە بەوەشكراوە، كەسە نزیكەكانی یاریزانەكە ئەوەیان ئاشكرا كردووە كە ئەستێرە هۆڵەندییەكە نایەوێت ریزەكانی یانە كاتالونییەكە جێبهێڵێت و دەیەوێت لە ئیسپانیا و لە یانەكەی درێژە بە یاریكردن بدات.
رۆژنامەكە ئەوەشی ئاشكرا كردووە، دی یۆنگ خەون بەوەوە دەبینێت كە رۆژێک ببێتە كاپتنی یەكەمی بارسێلۆنا.
فرێنكی لەگەڵ بارسێلۆنا 246 یاریی كردووە و توانیویەتی 19 گۆڵ بكات و 23 گۆڵیش درووست بكات.