ئیسپانیاراپۆرتی تایبەتگرنگترین

راپۆرتی تایبەت؛ جیاواز لە هەموو یانەکانی دیکە قەیرانێکی نامۆ بەرۆکی ریال مەدریدی گرتووە

راپۆرتێکی تێروتەسەل؛ هەموو وردەکارییەکان بزانە..

Yariga App

یاریگا –

ماوەی دوو وەرزە قەیرانی لەدەستدانی لێدانە سزاکان بەرۆکی ریال مەدریدی گرتووە و یانەکەی خستووەتە دۆخێکی سەخت.

هاوینی 2023 کەریم بێنزێما دوای 14 وەرز لە پۆشینی درێسی ریال مەدرید ماڵئاوایی لە یانەکە کرد و بە گرێبەستێکی ئازاد پەیوەندی بە ئیتیحادی سعوودی کرد.

رۆیشتنی بێنزێما جیا لەوەی لەڕووی هێرشبەریی و نەبوونی سەرەڕمێکی لێهاتوو کێشەی بۆ یانەکە دروستکردووە، بووەتە هۆی دروستبوونی قەیرانی بەفیڕۆدانی لێدانە سزاکەن و دوو وەرزە یانەکە بەدەست ئەو قەیرانە دەناڵێنێت.

ڤینیسیۆس جونیۆر

ریال مەدرید لەم وەرزە 15 پێناڵتی بۆ هەژمارکراوە، بەڵام تەنیا 10 دانەی گۆڵکردووە و 5 پێناڵتی بەفیڕۆداوە. واتا یاریزانانی ریال مەدرید لەم وەرزە بەرێژەی 66.7 % پێناڵتییەکانیان گۆڵ کردووە.

کیلیان ئێمباپێ8 پێناڵتی6 گۆڵ2 لەدەستدان %75ـی گۆڵ کردووە
ڤینیسیۆس جونیۆر5 پێناڵتی3 گۆڵ2 لەدەستدان %60ـی گۆڵ کردووە
جود بێڵینگهام2 پێناڵتی1 گۆڵ1 لەدەستدان %50ـی گۆڵ کردووە

لەدەستدانی لێدانە سزاکان راستەوخۆ کاریگەری نەرێنییان لەسەر ئەنجامی یارییەکان هەبووە، ڤینی بەرامبەر ئاتلێتیکۆ گۆڵی نەکرد، ریال مەدرید لەکاتی ئاسایی یارییەکەی دۆڕاند و بەلێدانی یەکلاکەرەوە بردییەوە، بەرامبەر ڤاڵێنسیاش گۆڵی نەکرد و ریال مەدرید لەکاتێکی هەستیار سێ خاڵی چارەنووسسازی لەدەستدا.

کیلیان ئێمباپێ بەرامبەر لیڤەرپوول لە چامپیۆنزلیگ گۆڵی نەکرد و ریال مەدرید یارییەکەی دۆڕاند، بەرامبەر ئاتلێتئک بیلباویش لە لالیگا دووبارە پێناڵتی گۆڵ نەکرد و ریال مەدرید سێ خاڵی لەدەستدا.

جود بێڵینگهامیش لە یارییەکانی گەڕی 12ـی لالیگا بەرامبەر ڤاڵێنسیا لە خولەکی 55 و لەوکاتەی ریال مەدرید بە گۆڵیک لەدوابوو پێناڵتی گۆڵ نەکرد. بەڵام دواتر ریال مەدرید گەڕایەوە و هەر خۆی لە خولەکی 90+6 گۆڵی بردنەوەی یارییەکەی کرد. ئەو پێناڵتییەش تاکە پێناڵتییە لەم وەرزە کاریگەری نەرێنی راستەوخۆی لەسەر ئەنجامەکانی یانەکە نەبووە.

کیلیان ئێمباپێ

بەڵام ئەو گرفتە هەر لەم وەرزە نییە، لە وەرزی رابردووش لەکۆی 10 پێناڵتی کە بۆ مێرێنگی هەژمارکرا، پێنج یاریزانی جیاواز جێبەجێیان کردن بەڵام 4 پێناڵتییان گۆڵ نەکرد.

ڤینیسیۆس جونیۆر4 پێناڵتی4 گۆڵ0 لەدەستدان%100ـی گۆڵ کردووە
خۆسێلو3 پێناڵتی1 گۆڵ2 لەدەستدان%33.3ـی گۆڵ کردووە
جود بێڵینگهام1 پێناڵتی1 گۆڵ0 لەدەستدان%100ـی گۆڵ کردووە
لوکا مۆدریچ1 پێناڵتی0 گۆڵ1 لەدەستدان%0.0ـی گۆڵ کردووە
رۆدریگۆ1 پێناڵتی0 گۆڵ1 لەدەستدان%0.0ـی گۆڵ کردووە

ئانچێلۆتی بەنیازبوو لوکا مۆدریچ بکات بە پێناڵتی لێدەرەی سەرەکی، بەڵام ئەستێرە کڕواتییەکە وەرزی رابردوو جیا لە یارییەکەی یونیەن بەرلین، بەرامبەر مانچێستەر سیتیش لە لێدانە یەکلاکەرەوەکان گۆڵی نەکرد و متمانەی کارلۆی لەدەستدا.

بەڵام ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ وەرزی 2022/2023 ریال مەدرید لەکۆی 18 پێناڵتی 14 گۆڵی کردووە و 4 پێناڵتی بەفیڕۆداوە، بەڵام کەریم بێنزێما 10 پێناڵتییانی جێبەجێکردووە و تەنیا یەک پێناڵتی بەفیرۆداوە.

کەریم بێنزێما10 پێناڵتی9 گۆڵ1 لەدەستدان%90ـی گۆڵ کردووە
رۆدریگۆ3 پێناڵتی3 گۆڵ0 لەدەستدان%100ـی گۆڵ کردووە
لوکا مۆدریچ3 پێناڵتی2 گۆڵ1 لەدەستدان%66.7ـی گۆڵ کردووە
ئێدین هازارد1 پێناڵتی0 گۆڵ1 لەدەستدان%0.0ـی گۆڵ کردووە
مارکۆ ئاسێنسیۆ1 پێناڵتی0 گۆڵ1 لەدەستدان%0.0ـی گۆڵ کردووە

لەدوای رۆیشتنی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە 2018، کەریم بێنزێما زۆرترین پێناڵتی جێبەجێکردووە و زۆرینەی گۆڵ کردووە، بەڵام دوای رۆیشتنی بێنزێماش قەیرانە گەورەکە بەرۆکی یانەکەی گرتووە.

لە وەرزەی 2018/2019 ریال مەدرید لەکۆی 12 پێناڵتی هەر 12ـی گۆڵ کردووە، لە وەرزی دواتریش 2019/2020 دووبارە لە 12 پێناڵتی سەرجەمیانی گۆڵکردووە و هیچی لەدەست نەداوە، لە وەرزی 2020/2021 پێنج پێناڵتییان بۆ هەژمارکراوە و هەر پێنجیان گۆڵکردووە.

لە وەرزی 2021/2022 لەکۆی 16 پێناڵتی 12 دانەیان گۆڵکردووە و 4 لێدانیان بەفیڕۆداوە، لە وەرزی 2022/2023 کە کۆتا وەرزی بێنزێما بوو لەگەڵ یانەکە لەکۆی 18 پێناڵتی 14 پێناڵتییان گۆڵکردووە.

ئانچێلۆتی لەم وەرزە چەند جارێک پێناڵتی لێدەری تیپەکەی گۆڕیوە، بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەی مارکا، کارلۆ بڕیاریداوە جارێکی دیکە گۆڕانکاری بکات و لەمەودوا کیلیان ئێمباپێ پێناڵتییەکان جێبەجێدەکات.

مەدریدستاکان هیواخوازن سوپەر کیلیان کۆتایی بە دێوەزمەی بەفیڕۆدانی لێدانی سزا بهێنێت و ریچکەی نموونەی باڵای، کە کریستیانۆ رۆناڵدۆیە بگرێتەبەر.

کریستیانۆ رۆناڵدۆ

بابەتی زیاتر

Back to top button