ئینگلتەرا

هاندەرانی تۆتنهام لە دژی سەرۆکی یانەکەیان خۆپێشاندان دەکەن

Yariga App

یاریگا –

دانیێل لیڤی، سەرۆکی تۆتنهام، بەهۆی خراپی ئاستی یانەکەی لەم وەرزەدا، لەلایەن هاندەرانەوە رووبەڕووی رەخنەی قورس بووەتەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە لە یاریگای تۆتنهام پێش یارییەکەی تیپەکەی پۆستێکۆگلۆ بەرامبەر ساوسهامپتۆن، کۆمەڵێک هاندەر لە دەرەوەی یاریگاکە ناڕەزایەتییان بەرامبەر دانیێل لیڤی دەربڕی. لە گردبوونەوەکەدا چەندین بانەر بینران کە دروشمی “کاتی گۆڕانکارییە” لەسەربوو، لە کاتێکدا بانەرێکی دیکە پەیامێکی توندتری لەسەر بوو: “ئەو بزنسێکی دروستکرد، یانەیەکی تۆپی پێی لەناوبرد”.

هەروەها هاندەران سروودێکی بەناوبانگی یانەکەیان گۆڕی کە بەزۆری دەیڵێنەوە بۆ ستایشکردنی یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی تیپەکەیان و سەرۆکی یانەکەیان کردە ئامانج. ئەوان لە گۆرانییەکەدا گوتیان:

“ئێمە گرنگی بە لیڤی نادەین، ئەو گرنگی بە ئێمە نادات، تەنیا شتێک کە ئێمە گرنگی پێدەدەین دێیان کولوسێڤسکییە”.

گۆڕینی سروودەکە ئاماژەیەک بوو بۆ بەرزبوونەوەی نرخی بلیتەکان لەم دواییانەدا و پلانی نەهێشتنی هەندێک داشکاندن بۆ هەوادارانی. لە بانەرێکی دیکەدا “بەسە بەسە، ENIC بڕۆ دەرەوە!” لەناو خۆپیشاندەران بینرا. ئەم دروشمە ئاڕاستەی گروپی ENIC بوو، کە لە ساڵی 2001 پشکەکانی یانەکەیان لە ئالان شوگەر کڕی، گروپێک لە هاندەرانی تۆتنهام کە ئامانجیان گۆڕینی یانەکەیە، لە بەیاننامەیەکدا دەڵێن:

زۆرێک لە هاندەرانی دێرینی تۆتنهام هەست دەکەن خاوەندارێتی و ئەو ئاراستەیەی یانەکە گرتوویەتیەبەر، ئەوانی لە ئامانجە سەرەتاییەکەیان دوور خستووەتەوە. یاریگا نوێیەکەی تۆتنهام کۆمەڵگەیەکی مۆدێرن و پێشکەوتووە، بەڵام بە چ نرخێک؟ نرخی بلیتەکان لە بەرزترین نرخی پرێمەرلیگدایە و زۆرێک لە هاندەران تەنانەت ئەوانەی کە دەیان ساڵە پاڵپشتی سپێرزیشیان کردووە، ناچاربوون بلیتی وەرزەکانیان هەڵبوەشێننەوە یان کەمتر بەشداری یارییەکان بکەن.

ساڵانێکە تیپەکە وەبەرهێنانێکی وەک پێویست لە بوارە سەرەکییەکان بە تایبەت هێڵی بەرگری نەکردووە و پەنجەرەی گواستنەوەکان لەسەر بنەمای پلانێکی درێژخایەن و پێشبینیکراو پلانی بۆ دانەنراوە. دەرئەنجامی ئەم دۆخە چییە؟ وەرزێکی دیکە بەبێ جام لە پێشە، وەرزێک کە لە ساڵی 2008ەوە بەردەوامە.

 

تۆتنهام زیاتر لە یەک ملیار پاوەندی لە کڕینی یاریزانان خەرج کردووە لەو کاتەوەی دوایین جار جامی یەکێتی ئینگلتەرای لە ساڵی 2008 بردەوە، بەڵام لەگەڵ چوارەم راهێنەر لە ماوەی شەش ساڵی رابردوودا، تیپەکە لە نیوەی خوارەوەی ریزبەندی پرێمەرلیگ بەردەوامە لە ململانێ.

تۆتنهام ئێستا لە پلەی 16ی ریزبەندی پرێمەرلیگدایە و تەنها دوو خاڵ لە پێش وۆڵڤزە. ئەگەر سپێرزی ئینگلیزی نەیتوانی نازناوی یۆرۆپا لیگ بەدەست بهێنێت، ئەوا بۆ سێیەم وەرزی لەسەریەک لە چامپیۆنزلیگ بێبەش دەبێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button