ئارتێتا موژدەیەکی ‘گەورە’ بە هاندەرانی ئارسیناڵ دەدات
چەند یاریزانێکی گەورە دەگوازێتەوە!

یاریگا –
میکێل ئارتێتا، راهێنەری ئارسیناڵ هیوای هاندەرانی یانەکەی بۆ گواستنەوەی ئەستێرەیەکی گەورە بەرزکردەوە.
بەمدواییە ناوی ڤیکتۆر یۆکێرێش، گۆڵکاری سپۆڕتینگ لیسبۆن بە ئارسیناڵ بەستراوەتەوە، ئەم لێدوانەی ئێستای ئارتێتاش، هیواکانی بۆ گواستنەوەی ئەستێرەکە زیادکردووە.
ئارتێتا لە لێدوانێکیدا بۆ میدیاکان، باسی بازاڕی گواستنەوەکانی هاوینەی داهاتووی کرد
گواستنەوەیەکی گەورە دەبێت و زۆر خرۆشاوین. مێرکاتۆی داهاتوو زۆر گەورە دەبێت و لەسەر چەندین ئامانجی جیاواز کار دەکەین و گواستنەوەکان جیاواز دەبن.
دەمانەوێت قووڵایی پێکهاتەکەمان زیاد بکەین و هەروەها کوالێتی یاریزانانیش بەرز بکەینەوە، دەمانەوێت هەنگاوێکی گەورە بنێین.
تۆڕی ئاتلێتیک دوێنێ دووشەممە بڵاویکردبووەوە، ئارسیناڵ خەریکە هەوڵەکانی بۆ گواستنەوەی ڤیکتۆر یۆکێرێش، هێرشبەری سپۆڕتینگ لیسبۆن دەستپێدەکات.
ئاندرێیا بێرتی، بەڕێوەبەری وەرزشی نوێی ئارسیناڵ، زۆر بە تواناکانی یۆکێرێش سەرسامە و پێی وایە لەڕووی بەها و ئاستیشەوە، بژاردەیەکی باشترە لە ئالێکساندەر ئیزاک، هێرشبەری نیوکاسڵ یونایتد.
یۆکێرێش لە 92 یارییدا 85 گۆڵی بۆ سپۆڕتینگ کردووە و ئێستا ئامانجی سەرەکی ئارسیناڵە. ئەستێرە سویدییەکە گرێبەستی لە هاوینی ساڵی 2028 لە سپۆڕتینگ بەسەردەچێت و بەهای گواستنەوەشی لە 80 ملیۆن یۆرۆ کەمترنابێت.
ئەستێرەکەی سپۆڕتینگ لە پێنج یاریی رابردوودا، هەشت گۆڵی لە خولی پۆرتوگالی کردووە. کۆی گۆڵەکانی لەم وەرزەدا گەیاندووەتە 30 لە تەنیا 26 یاریدا، هەروەها شەش گۆڵی لە کۆی هەشت یاریی چامپیۆنزلیگیش کردووە.
سپۆڕتینگ پێشەنگی خولی پۆرتوگالە و لە قۆناخی پێشکۆتایی جامی پۆرتوگال رووبەڕووی ریۆ ئاڤێ دەبێتەوە، کەچی ئارسیناڵ لە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە لە یاریی دێربی بچووکی لەندەن بەرامبەر فولهام یاریی دەکات.
ئارسیناڵ خۆی بۆ گواستنەوەی هێرشبەرێکی ئاست بەرز یەکلاییکردووەتەوە