راهێنەری مان یونایتد بە توندی وەڵامی ریال مەدرید دەداتەوە
بەردێکی لەسەر دابنێن....

یاریگا –
پێدەچێت هەرزوو چیرۆکی گواستنەوەی بڕونۆ فێرناندێس لە مانچێستەر یونایتدەوە بۆ ریال مەدرید تەواو بێت و بەردێکی لەسەر دابندرێت.
ئەستێرە پۆرتوگالییەکە یەکێکە لە باشترین یاریزانانی پرێمەرلیگی چەند وەرزی رابردوو، هەرچەندە ئاستی مان یونایتد جێگیر نەبوو، بەڵام فێرناندێس رۆڵی باڵای لە هێشتنەوەی یانەکە لە نێو رکابەرییەکان گێڕاوە.
لە چەند رۆژی رابردوودا، ناوی فێرناندێس بە ریال مەدریدی خاوەن 15 نازناوی چامپیۆنزلیگ بەسترابوو، ئەمەش بەهۆی گەڕانی بەردەوامی لۆس بلانکۆس بەدوای یاریسازێکی ئاست بەرز.
روبن ئامۆریم، راهێنەری مانچێستەر یونایتد هەرزوو پەنای بۆ میدیاکان برد و خاڵی لەسەر پیتەکان دانا.
گواستنەوەی فێرناندێس بۆ ریال مەدرید روونادات. راستە ئەو دەیەوێت نازناو بباتەوە و ئەمەش شتێکی پڕ ئاڵنگارییە، منیش دەمەوێت بڕونۆ نازناو بباتەوە و ببێتە پاڵەوانی پرێمەرلیگ، بۆیە دەستبەرداری نابین.
تەمەنی تەنیا 30 ساڵە و هەموو وەرزێک 55 یاریی دەکات، جیا لەمە گۆڵ دەکات و ئەسیستی زۆری هەیە، بۆیە بڕونۆ ناچێتە هیچ شوێنێک.
بە تەواوی کۆنتڕۆڵی دۆخەکەمان کردووە و پێم وایە بڕونۆ لێرە دڵخۆشە، راستە هەندێکجار هەمووان نیگەران دەبن، بەڵام ئەو کاپتنی ئێمەیە و وەکو پێمگوتن، ناچێتە هیچ شوێنێک.
ئامانجی سەرەکی فێرناندێس لەم وەرزەدا، بردنەوەی نازناوی یۆرۆپالیگە. ئەمڕۆ سێشەمەش لە پرێمەرلیگ رووبەڕووی نۆتینگهام فۆڕێست دەبێتەوە.