فیفا شوێنگرەوەی یانەی لیۆن لە مۆندیالی یانەکان یەکلاییکردەوە
نەسڕەکەی رۆناڵدۆ بەشداری دەکات؟

یاریگا –
فێدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی ‘فیفا’ خەریکی هەڵسەنگاندنە بۆ رێکخستنی یارییەکی پلەی ئۆف، تاوەکو ناسنامەی دوا بەشداربووی مۆندیالی یانەکان یەکلاییبکاتەوە.
دوای دوورخستنەوەی لیۆنی مەکسیکی لە پاڵەوانیەتییەکە، ئێستا هەمووان چاوەڕێی ناسنامەی یانەی جێگرەوەن و دەنگۆی زۆریش بڵاوکراونەتەوە. گروپێکی وەبەرهێنان خاوەنی هەردوو یانەی پاچووکا و لیۆنی مەکسیکییە، ئەمەش پێچەوانەی رێنمایی و رێساکانی فیفایە، بۆیە لیۆن دوورخرایەوە.
مۆندیالی یانەکان لە 15ی یۆنیۆ/حوزەیرانی داهاتوو لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەستپێدەکات و فیفا ئامادەکاری بۆ ئاشکراکردنی ناسنامەی یانەکە دەکات.
فیفا دەیەوێت یارییەکی پلەی ئۆف لە نێوان یانەی لۆس ئانجلسی ئەمریکی و کڵەب ئەمێریکای مەکسیکی رێکبخات و براوەی یارییەکە، بەشداری لە مۆندیالی یانەکاندا بکات.
براوەی یارییەکی پلەی ئۆف بڕی 9.55 ملیۆن دۆلار لەلایەن فیفا وەردەگرێت، ئەمەش وەکو شایستەییەکی دارایی بەشداریکردن لە پاڵەوانیەتییەکە بە هەموو یانەکانی بەشدار دراوە.
گوتەبێژی فیفا بە رۆژنامەی گاردیانی راگەیاندووە
ئێستا خەریکی هەڵسەنگاندنین، بۆ رێکخستنی یارییەکی پلەی ئۆف لە نێوان لۆس ئانجلۆس، خاوەن پلەی دووەمی چامپیۆنزلیگی کۆنکاکاف و کەڵەب ئەمێریکا، کە بەگوێرەی ریزبەندی فیفا، پێگەی لە یانەکانی دیکەی مەکسیک باشترە.
هەرچەندە گروپی کۆمپانیاکانی پاچووکا بڕیاریداوە مانگی داهاتوو لە دادگای وەرزشی تانە لە بڕیارەکەی فیفا بدات، بەڵام بەگوێرەی رێساکان، لیۆن ناتوانێت بەشداری بکات.
پێشتر دەنگۆی زۆر لەسەر بەشداریکردنی نەسڕ لە پاڵەوانیەتییەکە هەبوو، بەڵام رۆژنامەی ریازییەی سعوودی لە زاری بەرپرسێکی باڵای فیفا بڵاویکردبووەوە، رێساکانی پاڵەوانیەتییەکە زۆر روونن و نابێ دوو یانەی وڵاتێک بەشداری مۆندیالی یانەکان بکەن، تەنیا بەو مەرجەی لە ساڵانی 2021 تاوەکو 2024 نازناوێکی لەسەر ئاستی کیشوەر بەدەستهێنابێت.
سەرچاوەکە ئاشکرایکردبوو، ئاسیا خاوەنی چوار کورسییە و هیلال نوێنەرایەتی سعوودیە دەکات، بەمەش نەسڕ ناتوانێت بەشداری پاڵەوانیەتییەکە بکات.
بڕیاربوو لیۆن لە کۆمەڵەی چوارەم شان بەشانی چێڵسی، فلامێنگۆ و تەرەجی ریازی یاریی بکات، بەڵام بەمشێوەی ئێستا بێت، براوەی یارییەکەی پلەی ئۆف، دەچێتە شوێنی لیۆن لە کۆمەڵەی چوارەم.