
یاریگا –
دوای شکستە گەورەکەیان بەرامبەر کارەبا، راهێنەری هەولێر هۆکارەکەی لە ئەستۆی خۆی دەگرێت و دەڵێت دەکرا سەرکەوتووبین.
هەولێر لە دەرەوەی یاریگای خۆی تووشی شکستێکی گەورەهات بەرامبەر کارەبا لە یارییەکانی گەڕی 25ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق و بە ئەنجامی 3 _ 1، لەم یارییەدا وێڕای شکستەکەیان هەولێر بەهۆی پێکانەوە ئوسامە رەشید و هیگۆر ڤیداڵی بە ناچاری گۆڕانکاری پێکرد، چوار یاریی بوو کارەبا سەرکەوتنی بەدەست نەهێنابوو لەم یارییەدا جارێکی تر تیپەکەی رازی شنێشل گەڕایەوە سەڕکەوتن و رێگربوون لەوەی هەولێر جەژنانە بە هاندەرانی بدات.
سەمیر بابۆ راهێنەری هەولێر هۆکاری شکستەکە لە ئەستۆی خۆی دەگرێت و دوای یارییەکە گوتی:
دەکرا ئەم یارییە لە بەرژەوەندی خۆمان کۆتایی پێبهێنین، بەڵام دوای تۆمارکردنی گۆڵەکەمان نەمانتوانی سوود لە دەرفەتەکان وەربگرین، بەخت یاوەرمان نەبوو ئەگینا گێمی یەکەم یارییەکەمان یەکلا دەکردەوە، من هۆکاری ئەم شکستە لە ئەستۆی خۆم دەگرم کەسی تر تێیدا بەرپرس نیە، هەوڵدەدەین لە داهاتوو باشتربین و جارێکی تر بگەڕێینەوە سەرکەوتن.
هەولێر سێیەم یارییە لەسەر یەکتر تووشی شکست دەبێت دوای ئەوەی لە دوو یاریی رابردوو بەرامبەر مینا و زەوڕا شکستی هێنابوو، هەولێر بە 32 خاڵ لە ریزبەندی 13ـەم دێت و گەڕی داهاتووش لە یاریگای خۆی بەرامبەر قاسم یاریی دەکات.