
یاریگا –
هەولێر لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەرامبەر کارەبا یاریی دەکات و بۆ ئەم یارییەش لە توانای سێ یاریزانی بێبەش دەبێت.
یەک شەممە ( 30ـی ئاداری 2025 ) لە گەڕی 25ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق، هەولێر کاتژمێر 9:15ـی شەو لە یاریگای زەوڕا رووبەرووی کارەبا دەبێتەوە، هەولێر بۆ ئەم یارییە لە توانای هەریەک لە یاریزانان عەباس یاسین و نیاز محەمەد بەهۆی پێکانەوە بێبەش دەبێت و هیلیۆ مۆنتێڕۆی بەرازیلیش بەهۆی کەڵەکەبوونی کارتەکانی یاریی ناکات، شێرکۆ کەریم ئەستێرەی تیپەکە دوای دابڕانی بۆ ماوەی 45 رۆژ بەهۆی پێکانەوە، ئەمڕۆ بەرامبەر کارەبا ئامادە دەبێت و بەتەواوی لە پێکانەکەی چاکبۆتەوە.
هەولێر و کارەبا لە مێژوودا 26 یاریی فەرمیان بەرامبەر یەکتر کردووە، هەولێر 16 یاریی بردۆتەوە و کارەباش تەنها دوو یاریی سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و لە هەشت یارییشدا یەکسان بوونە، هەولێر 49 گۆڵی تۆمار کردووە و کارەبا 25 گۆڵی کردووە، گەورەترین سەرکەوتنی هەولێر لە وەرزی 2008 _ 2009 بوو لە یاریگای شەعب 6 _ 0 براوەبوو، گەورەترین سەرکەوتنی کارەبا لە 2024 بوو لە خولی ئەستێرەکانی عێراق کە 3 _ 1 یارییەکەی بردەوە، یەکەم یاریی نێوانیشیان لە 21 _ 11 _ 2008 بوو لە خولی نایابی عێراق لە یاریگای فرانسۆهەریری کە هەولێر 3 _ 1 براوە بوو.
کوڕانی قەڵاومنارە یارییەکی دواخراویان بەرامبەر دهۆک هەیە و لە 23 یاریی خاوەن 32 خاڵە و لە ریزبەندی 12ـەم دێن، کارەبا بە راهێنەرایەتی رازی شنێشل 28 خاڵی هەیە و لە ریزبەندی 16ـەی خولی ئەستێرەکانی عێراق دێت.