
یاریگا –
لەوانەیە تایلەر سویفت، گۆرانیبێژی بەناوبانگی ئەمریکی و بارسێلۆنا گرێبەستێکی مێژوویی واژۆبکەن.
رادیۆی کاتالونیا بڵاویکردووەتەوە، لەوانەیە ناوی تایلەر سویفت لەسەر درێسی بارسێلۆنا لە یاریی کلاسیکۆی داهاتوو بەرامبەر ریال مەدرید بنووسرێت.
یاریی کلاسیکۆی داهاتووی لە 10 یان 11ی مانگی مایس/ئایاری داهاتوو لە یاریگای ئۆڵیمپیک لویس کۆمپانیس بەڕێوەدەچێت.
لەماوەی رابردوودا گفتوگۆی چڕ لە نێوان بارسێلۆنا و نوێنەرانی سویفت کراوە و ئێستا لە قۆناخەکانی کۆتایی نزیکبوونەتەوە. ئەم رێککەوتنە بەشێک لە گرێبەستی سپۆنسەریکردنی سپۆتیفای بۆ یانە کاتالونییەکە، چونکە بەگوێرەی گرێبەستی نێوان سپۆتیفای و بارسێلۆنا، دەکرێ هەندێک جار لەجیاتی لۆگۆی سپۆتیفای، ناو یاخود سیمبووڵی گۆرانیبێژێک دابندرێت.
سویفت، ئێد شیرن و تراڤیس سکۆت، پاڵێوراوی سەرەکن بۆ ئەوەی ناویان لەسەر درێسی بارسێلۆنا لە یاریی کلاسیکۆدا بنووسرێت، بەڵام پێدەچێت هەردوولا لەسەر تایلەر سویفت رێککەوتبن.
پێشتر بارسێلۆنا ناوی ئەستێرەکانی وەکو رۆزالیا، رۆوڵینگ ستۆنس، درەیک و کاڕلۆ جی لەسەر درێسەکان نووسیوە.
بەگوێرەی داتاکانی گۆڤاری فۆڕبس، سویفت دەوڵەمەندترین گۆرانیبێژی ئەمریکییە و سەرمایەکەی دەگاتە 1.6 ملیار دۆلار. لەڕووی ژمارەی فۆڵۆی پلاتفۆڕمەکانی سۆشیاڵ میدیاش بێت، سویفت 281 ملیۆن فۆڵۆوەری لە ئینستاگرام هەیە، کەچی بارسێلۆنا خاوەنی 136 ملیۆن فۆڵۆوەرە.