پێدری هۆکاری ئاست بەرزی خۆی ئاشکرا دەکات

یاریگا –
پێدری گۆنزالێز، ناوەراستکار و ئەستێرەی بارسێلۆنا و هەڵبژاردەی ئیسپانیا، باسی لە هۆکاری گۆڕانکاری لە ئاستی و بەروە پێشچوونی کرد.
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بەرنامەی “تۆ دیرێس” لە کەناڵی رۆک وەن، پێدری چەندین پرسی گرنگی ئاشکرا کرد و ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە باسی لە تێکچوونی پەیوەندی لەگەڵ چاڤی هێرناندزی راهێنەری پێشووی دەکرا.
سەبارەت بە پەیوەندی لەگەڵ چاڤی و ئەگەری فرۆشتنی لەسەردەمی ئەو راهێنەرەدا گوتی:
کەس قسەی لەگەڵ نەکردم سەبارەت بە ئەگەری فرۆشتنیم، دڵنیا بووم لەوەی پێکانەکانم کاتین و ویستم لە بارسێلۆنا بمێنمەوە، پەیوەندیم لەگەڵ چاڤی زۆر باشە، ئەو دەنگۆیانەی میدیاکان کە باس لە تێکچوونی پەیوەندیمان دەکەن، بەتەواوی درۆیە، من هیچ کێشەیەکم لەگەڵیدا نییە.
سەبارەت بە نهێنی توانای جەستەیی لە درێژەی ئەم چاوپێکەوتنەدا ئاشکرای کرد و گوتی:
زۆر هەوڵ دەدەم بۆ ئەوەی لە باشترین شێوەدا بم و چێژ لە یاریکردن وەردەگرم. گۆڕانکاریم لە خواردنەکانمدا نەکردووە، بەڵام شێوازی راهێنانەکانم گۆڕیوە، ئیتر بە ئاسن و قورسایی راهێنان ناکەم و زیاتر قایش بەکاردەهێنم بۆ هەندێک راهێنانی خۆ کشاندن، ئەوە زۆر کاریگەر بووە بۆ من.
دوای ئەوەی لە دوو وەرزی رابردوودا تووشی چەندین پێکان بووە، ئێستا پێدری هەست دەکات ئەم سەردەمە کۆتایی هاتووە و لە باشترین فۆرمی خۆی دایە و دەڵێت:
رێگای جیاوازم تاقیکردەوە بۆ دۆزینەوەی باشترینیان. “ئەم ئەزموونانە دیدگای منیان سەبارەت بە پێکان گۆڕی، لە کۆتاییدا بۆم دەرکەوت کە بە گۆڕینی چەند شتێکی بچووک، دەتوانم هەست بە باشتربوون بکەم، جەستەم بەدرێژایی ساڵان پەرەی سەندووە و چیتر لە تووش بوون بە پێکان ناترسم.
پێم گوترا کە یاریکردن بە بەردەوامی یارمەتیدەرە، منیش ئەمەم ئەزموون کرد. کاتێک هەفتەیەک پشوو وەردەگرم، زیاتر هەست بە ماندوێتی دەکەم. ئێستا لە یەکێک لە باشترین قۆناخەکانی ژیانی وەرزشیمدام و هیوادارم ئەم رەوتە بەردەوام بێت.
پێدری لەم وەرزە و لەژێر دەست هانسی فلیک بووەتە یەکێک لە کاریگەرترین و دیارترین ئەستێرەکانی بارسێلۆنا و تەنانەت هەڵبژاردەی ئیسپانیا و ئێستا بە باشترین ناوەڕاستکاری تۆپێ پێ لەم سەردەمەدا دادەنرێت.
لە دوایین یاریی بارسێلۆنا بەرامبەر ئۆساسۆنا، بەگشتی پێدری 89 پاسی لە کۆی 98 پاسدا تەواو کرد کە دەکاتە 91%، لەگەڵ یەک دوو هەلی دروستکردن و 7 تۆپ وەرگرتنەوە. سەرەڕای ئەوەش هیچ یاریزانێکی ئامادەبوو لە یاریگا لە رۆژی یارییەکەدا پاسی زیاتری لە پێدری تەواو نەکرد و هەر لەبەر ئەم هۆکارە خەڵاتی باشترین یاریزانی یارییەکەی پێدرا.