پۆرتۆ بەهۆی لویس دیازەوە بە بڕی تەنیا 103 یۆرۆ لە لایەن دادگاوە سزا درا

یاریگا –
لە رووداوێکی دەگمەندا، دادگای ناوبژیوانی وەرزشی (CAS) بڕیارێکی لە دژی پۆرتۆ دەرکردووە بەهۆی ئەوەی پارەی گواستنەوەی لویس دیاز بۆ لیڤەرپوول بە هەڵە هەژمار کراوە.
بە گوێڕەی بڕیارێکی CNN، دادگای ناوبژیوانی وەرزشی (CAS) لە لۆزان بڕیاریدا پۆرتۆ بڕی 103 یۆرۆ بداتە جونیۆر بارانکویلا بەهۆی هەڵەی هەژمارکردن لە کرێی گواستنەوەی لویس دیاز بۆ لیڤەرپوول! بە لەبەرچاوگرتنی نرخی ئێستای ئاڵوگۆڕی یۆرۆ بەرامبەر دیناری عێراقی پۆرتۆ دەبێت بڕی 152 هەزار دینار بداتە یانە کۆلۆمبییەکە.
ئەم بڕیارە دەگمەنە لە هەڵەیەکەوە سەرچاوەی گرتووە ئەویش لە هەژمارکردنی بەشێک لەو بڕە پارەیەی کە قەرزاری یانە کۆڵۆمبییەکە بووە، پەیوەندی بە قیستی سێیەمەوە هەیە کە لیڤەرپوول بۆ گواستنەوەی لویس دیاز داویەتی.
بەگوێڕەی بڕیارەکەی CAS، یانەی پۆرتۆ لەبری پێدانی 1,020,000 یۆرۆ، 1,019,897 یۆرۆی داوە بە جونیۆر بارانکوێلا. هەر لەبەر ئەم هۆکارە دادگای CAS بڕیاریدا یانە پۆرتوگالییەکە بڕی 103 یۆرۆی دیکە بدات، لەگەڵ 5٪ سوو لە تشرینی یەکەمی 2022ەوە.
ئەم بڕیارە وردبینی و هەستیاری دادگا لە مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیە داراییەکانی پەیوەست بە گواستنەوەی یاریزانان نیشان دەدات وە جارێکی تر جەخت لەسەر گرنگی وردبینی دەکاتەوە لە دارایی پەیوەست بە گواستنەوەی یاریزانان لە جیهانی تۆپی پێدا.