
یاریگا-
دوای شکستەکەی بەرامبەر قاسم، ئاسۆ رۆستەم هێرشبەری نەورۆز دەڵێت کاردەکەین بۆ ئەوەی هاندەرانمان ئاشت بکەینەوە.
لە گەڕی 25ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق، نەورۆز لە دەرەوەی یاریگای خۆی بە ئەنجامی 1 _ 0 بە قاسم دۆڕا، ئەم شکستەی نەورۆز چوارەم شکست بوو لەسەریەک بۆ سوورپۆشەکانی سلێمانی و دوایین سەرکەوتنیان لە 20 _ 2 _ 2025 بوو کە 4 _ 1 لە دەرەوەی یاریگای خۆیان لە دیالایان بردەوە.
دەربارەی شکستەکەیان و ئاستی یاریزانەکانی لە یارییەکەدا، قەحتان جەسیر راهێنەری نەورۆز دوای یارییەکە گوتی:
سەرەڕای شکستەکەمان بەڵام ئاستێکی بەرزمان پێشکەشکرد لەم یارییەدا، هەر لە سەرەتای یارییەکەوە بەتەواوی کۆنتڕۆڵی یاریگامان کردبوو وە تیپی بەرامبەر بەهێرشی پێچەوانەوە یاریی دەکرد هەر ئەوەش وایکرد لەم هێرشە هەڵگەڕاوانەوە گۆڵمان لێ تۆمار بکرێت، هەوڵدەدەین کار لەسەر کەموکوڕیەکان بکەین و هەرچی زووە بگەڕێینەوە سەرکەوتنەکان.
ئاسۆ رۆستەم هێرشبەری نەورۆز دوای تەواوبوونی یارییەکە لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی دەربارەی شکستەکەیان رایگەیاند:
لە هەندێ کاتی یارییەکە بەخت یاوەرمان نەبوو، توانیمان هەل دروستبکەین و ئاستێکی باشمان پێشکەشکرد، لە یارییەکانی داهاتوو کاردەکەین بۆ سەرکەوتن بۆ ئەوەی هاندەرانمان ئاشت بکەینەوە.
بەم شکستە نەورۆز بە 30 خاڵ لە ریزبەندی 14مایەوە بەشێوەیەکی کاتی و لە ئەگەری سەرکەوتنی کارەبا بەرامبەر هەولێر ئەوا نەورۆز دەچێتە ریزبەندی 15ـەم، گەڕی داهاتوو نەورۆز لە یاریگای خۆی رووبەرووی مینا دەبێتەوە، دوایین سەرکەوتنی نەورۆز لە یاریگای خۆی 10 _ 2 _ 2025 بوو کە 2 _ 0 لە هەولێری بردەوە.