ئیسپانیاگرنگترین

ئۆساسونا بەفەرمی سکاڵای تۆمارکرد “یاریزانێکی بارسێلۆنا بە نایاسایی یارییکردووە”

Yariga App

یاریگا –

یانەی ئۆساسونا بەفەرمی سکاڵای بەرزکردەوە بۆ یەکێتی تۆپی پێی ئیسپانیا لە دژی یانەی بارسێلۆنا گوایە یانە کاتالونیەکەی بە نایاسایی یاریزانێکی لە پێکهاتەکەیدابووە.

پێنجشەممەی رابردوو بارسا لە یاریگای خۆی میوانداریی ئۆساسونای کرد بۆ ئەنجامدانی یارییە دواخراوەکەی هەفتەی 27ی لالیگا کە تێیدا بلاوگرانا بە سێ گۆڵی بێ وەڵام سێ خاڵی یارییەکەی بردەوە و جیاوازییەکەی لەگەڵ ریال مەدریدی پلەی دووەم گەیاندە سێ خاڵ.

لە پێکهاتەی فەرمی بلاوگرانادا ئینیگۆ مارتینێز سەرەکیی بوو، سکاڵاکەی ئۆساسوناس هەر لەسەر ئەوەبوو. ئەوەش دوای ئەوەی هەڵبژاردەی ئیسپانیا بۆ هەردوو یارییەکەی نەیشنزلیگیان بەرامبەر هۆڵەندا ئەو بەرگریکارەی دوورخستبووەوە بەهۆی ئاوسانی ئەژنۆوە.

وەک لە راگەیەندراوەکەیاندا هاتووە “یانەکەمان تێگەشتووە لەوەی بەشداریی پێکردنی ئینیگۆ مارتینێز پێشێلی ماددەی پێنجەم لە پاشکۆی یەکەمی ڕێساکانی فیفا دەکات کە تایبەتە بە دۆخ و گواستنەوەی یاریزانان”

وەک ئۆساسونا روونیکردووەتەوە، بەگوێرەی یاسا بەرکارەکانی فیفا “هەر یاریزانێک بە هۆکاری پزیشکی پەیوەندی بە هەڵبژاردەکەیەوە نەکات یان ریزی هەڵبژاردەکەی جێبهێڵێت، ئەوا بۆ ماوەی 5 رۆژ دوای یارییە نێودەوڵەتیەکان نابێت یاریی بۆ یانەکەی بکاتەوە. هەربۆیە یانەکەمان پێیوایە مارتینێز کە بەهۆی پێکانەوە ئیسپانیای جێهێشت، بەهیچ جۆرێک بۆی نەبوو بۆ یارییەکەی بەرامبەر ئێمە ئامادەبێت، ئەوەش بەپێی رێساکانی فیفا.”

بۆ بیرهێنانەوە، یاریی گەڕانەوەی ئیسپانیا لە چارەکی کۆتایی نەیشنزلیگ بەرامبەر هۆڵەندا لە 23ی ئەم مانگە بوو. دوای تەنها 4 رۆژ بارسا یارییە دواخراوەکەی بەرامبەر ئۆساسونا ئەنجامدا بە هەبوونی ئینیگۆ لە پێکهاتەی سەرەکیی.

 

بابەتی زیاتر

Back to top button