
یاریگا –
هانزی فلیک، راهێنەری ئەڵمانی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی دڵخۆشی خۆی بە بردنەوەكەیان بەرامبەر ئۆساسونا دەربڕی.
شەوی رابردوو بارسێلۆنا لە یارییەكی دواخراودا میوانداری ئۆساسونای كرد و یارییەكەشی بە سێ گۆڵی بێ وەڵام لێبردەوە، لە میانی یارییەكانی گەڕی 27 لالیگای ئیسپانیا.
گۆڵەكانی بارسێلۆنا لەلایەن فێران تۆرێس لە خولەكی 11 دانی ئۆلمۆ لە خولەكی 21 و رۆبێرت لیڤاندۆڤسكی لە خولەكی 77 كران.
لە دوای یارییەكە هانزی فلیک گوتی:
ئێستا بە جیاوازی سێ خاڵ لە پێشەوەین، بێگومان بە جیاوازی گۆڵی زۆر باش، بەڵام هێشتا رێگایەكی درێژ ماوە، دە یاریی ماوە و لەگەڵ ئەوەشدا بە بارودۆخێكی باشدا تێدەپەڕین و بە هەمان رۆحیەت بەردەوام دەبین.
خشتەیەكی چڕمان لە پێشە و لە ماوەی دوو هەفتەدا ژمارەیەكی زۆر یاریی دەكەین، ئەوەش باش نییە، ئێمە باجێكی گەورە بە پێكانەكەی دانی ئۆلمۆ دەدەین، لەدەستدانی لەو كاتەدا بۆ ماوەی دوو بۆ سێ هەفتە بێگومان كاریگەری لەسەر ئاستی یانەكە دەبێت. ئێمە پێوویستمان بو سەرجەم یاریزانەكانمانە لەم كاتەدا.
گاڤی یارییەكی زۆر باشی كرد، من زۆر دڵخۆشم و شانازی پێوە ئەكەم، ساڵێكی ئاسان نەبوو بۆی، تووشی پێكان بوو دواتر گەڕایەوە و چووە سەر كورسی یەدەک، بەڵام گەڕایەوە ئاستی خۆی و یاریزانێكی لاماسیایە بۆ ئەم یانەیە زۆر گرنگە.
زۆر حەزدەكەم لەگەڵ ئەم یاریزانانە كار بكەم، لە هەموو یارییەكدا ئەوە دەبینیت، چێژ لە یاریكردن بەیەكەوە وەردەگرن، ئەمەش شتێكی نایاب و سەرنجڕاكێشە.
بارسێلۆنا بەو بردنەوەیە ژمارەی خاڵەكانی بۆ 63 خاڵ بەرزكردەوە و جیاوازیەكەی لەگەڵ ریال مەدرید بوو بە سێ خاڵ.