
یاریگا –
دوای دۆڕانەکەی عێراق لە پاڵاوتنەکانی ئاسیا بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2026. لە میدیاکانی عێراق باسی دەڵاڵێک لە هەڵبژاردەی عێراق دەکرێت کە بە پارە بانگهێشتی یاریزانانی کردووە. ئەستێرەیەکی پێشووی هەڵبژاردەکە گەندەڵییەکی گەورە لەنێو هەڵبژاردەکە ئاشکرا دەکات و دەڵێت ‘ هەر یاریزانێک بیەوێت بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق بکرێت دەبێت سێ دەفتەر دۆلار بدات’.
سامر سەعید یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی عێراق نهێنییەکی گەورە لەنێو هەڵبژاردەی عێراق ئاشکرا دەکات و دەڵێت :’هەر یاریزانێک بیەوێت بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق بکرێت، دەبێت 30 هەزار دۆلار بدات، ئەگەر هەڵبژاردەکەش سەربکەوێت دەبێت 40 هەزار دۆلار بدات’.
دەشڵێت :’پێش یارییەکانی کوێت و فەڵەستین لەبەر ئەوەی عێراق لە گەیشتنی بە مۆندیال نزیکتر بوو، نرخەکە گەیشتبووتە 40 هەزار دۆلار، ئەگەر یاریزانەکە بانگهێشت کرابا 30 هەزار دۆلاری دەدا، بەڵام ئەگەر راهێنەر متمانەی پێکردبا و بانگهێشتی هەڵبژاردەکەی کردبایەوە، ئەوا دەبوا 40 هەزار دۆلار بدات’.
ئەستێرەکەی پێشووی هەڵبژاردەی عێراق بەبێ ئەوەی ناوی ئەو کەسە ببات کە ئەم کارەی بۆ هەڵبژاردەی عێراق کردووە، گوتی :’سوێند بەخوای مەزن وایە، کەسێک هەیە پەیوەندی لەگەڵ راهێنەر هەیە و ئەو مامەڵەکە دەکات، دەڵێت ئەگەر رازهێنەر رای لێتبوو جارێکی دیکە بانگهێشتی کردیەوە ئەوا 40 هەزار دۆلار بدە، ئەگەر جارێکیش بانگهێشت کرای و رۆیشتی ئەوا 30 هەزار دۆلار بدە’.
گومانێکی دیکەش لە گەندەڵی لە بانگهێشتکردنی یاریزانان بۆ هەڵبژاردەی عێراق هەیە، محەمەد خەلەف شرۆڤەکاری بەرنامەی ستۆدیۆی جەماهیر، ئاشکرایکرد :’کەسێک کە لە دەرەوەی وڵات دەژی، زانیارییەکی بۆ ناردووم، یەکێک لە مەرجەکانی واژۆکردنی گرێبەستی یانەی ئاریانای سویدی لەگەڵ کومەیل سەعدی ئەوە بووە، بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق بکرێت’.
محەمەد خەلەف دەڵێت :’تاوەکو کومەیل سەعدی بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق نەکرا، یانەی ئاریانای سویدی گرێبەستەکەی ئەو گۆڵپارێزەی رانەگەیاند، هەمیشە کاساس بانگهێشتی چوار گۆڵپارێزی کردووە، کەچی ئەمجارە بۆ دوو یارییەکەی کوێت و فەڵەتسین بانگهێشتی چوار گۆڵپارێزی کرد، بۆ ئەوەی بتوانێت بانگهێشتی کومەیل سەعدی بکات’.
رۆژی 12ـی ئەم مانگە کاساس لیستی یاریزانە بانگهێشتکراوەکانی بۆ هەڵبژاردەی عێراق راگەیاند و ناوی کومەیل سەعدی یەکێک بوو لە چوار گۆڵپارێزە بانگهێشتکراوەکان، سێ رۆژی دواتر رۆژی 15ـی ئەم مانگە یانە سویدییەکە گرێبەستی گۆڵپارێزە 20 ساڵانەکەی راگەیاند.