راپۆرتی تایبەتعێراقگرنگترین

ئەمشەو کۆبوونەوەیەکی چارەنووسساز دەکرێت؛ کاساس لە راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی عێراق دوور دەخرێتەوە؟

سەرۆکوەزیرانی عێراق رەتیدەکاتەوە پارەی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی کاساس بدات

Yariga App

یاریگا –

ئەمشەو کاتژمێر 09:00 فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق لە بەغدا لەبارەی چارەنووسی کاساس کۆدەبێتەوە، تا دێت مشتومڕی زیاتر لەبارەی راهێنەرە ئیسپانییەکە دروست دەبێت، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئامادە نییە پارەی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی راهێنەرەکە بدات.

سەرۆک و ئەندامانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق لەبارەی دوورخستنەوەی کاساس کۆدەنگن، بەڵام!

سەرۆک و جێگران و ئەندامانی فیدرادیۆنی تۆپی پێی عێراق لەبارەی بڕیاری دوورخستنەوەی خیسوس کاساس لە راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی عێراق کۆدەنگن، بەڵام مشتومڕ لەبارەی پشتگیریکردن لەو راهێنەرە ئیسپانییە سەریهەڵداوەتەوە.

عەلی جەبار، جێگری سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق لە لێدوانێکیدا رایگەیاند :’هەموومان لەسەر بڕیاری دوورخستنەوەی کاساس کۆدەنگین و لەسەرکارلادانی کاساس بووەتە ناچاری، بەڵام ئێمە دەمێکە تێبینیمان لەسەر ئەوە راهێنەرە هەبووە، دوای دۆڕانمان بەرامبەر سعوودیە لە جامی کەنداو داوای دوورخستنەوەی کاساسمان کرد، بەڵام ئەوکات کەسانێک هەبوون لەپێناوی مانەوەی کاساس دەجەنگان’.

یونس مەحموود، جێگرەکەی دیکەی عەدنان درجال، لەبارەی بڕیاری دوورخستنەوەی کاساس دەڵێت :’پێش ئەوەی کاساس دووربخەینەوە، دەبێت بزانین کێ کاساسی هێناوە’.

کاساس ئامادە نییە دەستلەکار بکێشێتەوە

دوێنێ چوارشەممە کاساس و دەستەی راهێنەرانی هەڵبژاردەی عێراق گەڕانەوە بەغدا، راهێنەرە ئیسپانییەکە سەرەڕای دۆڕانەکەیان بەرامبەر فەڵەستین رەتیدەکاتەوە دەست لە راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی عێراق بکێشێتەوە و دەڵێت :’کەس بڕیاری دوورخستنەوەی منی لە راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی عێراق پێ نەگەیاندووم، من لە راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی عێراق بەردەوامم و هێشتا دەرفەتی گەیشتنمان بە مۆندیال لەپێشە’.

بەگوێرەی بەندێکی گرێبەستەکەی، ئەگەر کاساس لە پۆستەکەی دووربخرێتەوە ئەوا دەبێت فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق نیو ملیۆن دۆلار وەکو نرخی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی بە کاساس بدات، بۆیە راهێنەرە ئیسپانییەکە ئامادە نییە دەستبەرداری پۆستەکەی بێت، بۆ ئەوەی لە پارەی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی بێبەش نەبێت.

سەرۆکوەزیرانی عێراق پارەی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی کاساس نادات

دوای ئەوەی بەندی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی کاساس لە میدیاکان بڵاوکرایەوە و بڕەکەی ئاشکرابوو، ئەیاد بنەیان راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند :’حکومەت پارەی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی کاساس نادات، خۆ حکومەت دەزگای خێرخوازی نییە’.

بەگوێرەی زانیارییەکان، محەمەد شیاع سوودانی رەتیکردووەتەوە پارەی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی کاساس بدات کە نیو ملیۆن دۆلارە، بەمەش دەبێت فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق خۆی ئەم پارەیە دابین بکات، ئەگەر بڕیاری دوورخستنەوەی راهێنەرە ئیسپانییەکە بدات.

هێشتا مشتومڕەکان لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی کاساس دەکرێن، تاوەکو ئێستا گفتوگۆ لەبارەی شوێنگرەوەی راهێنەرە ئیسپانییەکە نەکراوە، لەکاتێکدا سەرەتای مانگی یۆنیۆ/حوزەیران شێرەکانی رافیدەین دوو یاریی چارەنووسسازیان لە پڵاوینی مۆندیالی بەرامبەر کۆریای باشوور و ئوردن هەیە.

خیسوس کاساس کێیە؟ 

خیسوس کاساس راهێنەرێکی ئیسپانییە، ساڵی 1973 لە مەدرید لەدایکبووە و پێش هەڵبژاردەی عێراق راهێنەرایەتی هیچ یانە و هەڵبژاردەیەکی نەکردووە، ساڵی 2022 ئەرکی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی عێراقی گرتە ئەستۆ، لەکۆی 33 یاری 20 بردنەوە و 4 یەکسان و 9 دۆڕانی تۆمارکردووە و جامی کەنداوی بۆ هەڵبژاردەکە بەدەستهێناوە.

کاساس پێشتر وەکو شرۆڤەکاری ئامارەکان لە یانەکانی بارسێلۆنا و کادێزی ئیسپانی کاری کردووە، لە یانەی واتفۆردی ئینگلیزی و هەڵبژاردەی ئیسپانیاش یاریدەدەری راهێنەر بووە.

بابەتی زیاتر

Back to top button