یاریزانانی هەولێر مووچەیەکیان وەرگرت و تیپەکەش گەڕایەوە مەشقەکانی
70 رۆژ بوو یاریزانانی هەولێر مووچەیان وەرنەگرتبوو

یاریگا –
دەستەی کارگێڕی هەولێر مووچەیان بە یاریزانانی هەولێردا و ئەمڕۆش مەشقی تیپەکە بە ئامادەبوونی تەواوی یاریزانەکان دەستیپێکردەوە.
چوارشەممە ( 26ـی ئاداری 2025 ) یاریزانانی هەولێر بەشدار لە خولی نایابی کوردستان گەڕانەوە مەشقەکانیان، یەکێک لە یاریزانانی هەولێر تایبەت بە تۆڕی وەرزشی یاریگا رایگەیاند: دوای ئەوەی بۆ ماوەی 70 روژبوو مووچەمان وەرنەگرتبوو، ئەمڕۆ دەستەی کارگێڕی هەولێر مووچەیەکیان پێماندا و بەڵێنیان داوە دوای جەژنی رەمەزان مووچەیەکی تریشمان پێبدەن بەو مەرجە گەراینەوە مەشقەکان و بۆ یارییەکەی رۆژی شەممە ئامادە دەبین.
ئەم وەرزە سێیەم جار بوو یاریزانانی هەولێر بەهۆی وەرنەگرتنی شایستە داراییەکانیان بایکۆتی مەشق و راهێنانی تیپەکە بکەن، رۆژی شەممەش بۆ یارییەکەی بەرامبەر چوارقوڕنە لە گەڕی24ـی خولی نایابی کوردستان ئامادە دەبن، هەولێر بە 24 خاڵ لە ریزبەندی 12ـەی خولی نایابی کوردستان دێت.