رووبەڕووبوونەوەی ئاگرینی دوو ئەستێرە؛ تۆ هیچ نیت، سفر نازناوت هەیە
رۆدریگۆ شۆک بووە

یاریگا –
بەدرێژایی یاریی کلاسیکۆی زەوی نێوان ئەرجەنتین و بەڕازیل لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026، چەندین پێکدادان و رووداوی پڕلەبارگاری روویاندا.
ئەرجەنتین بردنەوەیەکی گەورەی بەرامبەر بەڕازیل بەدەستهێنا 4-1 و شوێنێ خۆی لە مۆندیالی 2026ی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیک مسۆگەر کرد.
هەریەکە لە خولیان ئالڤارێز، ئێنزۆ فێرناندێز، ئەلێکسیس ماک ئالیستەر و جیۆڤانی سیمیۆنی گۆڵەکانی تانگۆیان کرد و ماتیوس کونیا، تاکە گۆڵی سامبای کرد.
ئەمە یەکەمجارە لە دوای ساڵی 1964 ئەرجەنتین (3-0) بە ئەنجامێکی وا گەورە لە بەڕازیل بباتەوە.
کاتێک ئەرجەنتین 3-1 لە پێشەوە بوو، رۆدریگۆ و لیاندرۆ پاریدێس بە قسەی ئاگرین هێرشیانکردە سەر یەکتر، رۆدریگۆ بەشێوەیەکی توند پاریدێسی خرۆشاند و لە بەرامبەردا یاریزانە ئەرجەنتینییەکە توندتر وەڵامی دایەوە.
لە خوولەکی 39دا، لە دوای پێکدادانی نیکۆلاس تاگلیافیکۆ و رافینیا، کاردانەوەی یاریزانانی هەردوو تیم زۆر توندبوو، ئەمەش وایکرد، ناوبژیوان کۆمەڵێک کارتی زەرد بەسەر یاریزانان دابەش بکات.
رۆدریگۆی ئەستێرەی ریال مەدرید بە پاریدێسی گوت
تۆ یاریزانێکی زۆر خراپی.
بەڵام یاریزانە ئەرجەنتینییەکە توندتر وەڵامی دایەوە و بە رۆدریگۆی گوت
خاوەنی مۆندیال و دوو نازناوی کۆپا ئەمێریکام، تۆ سفڕ، هیچت نییە.
Rodrygo: “You are very bad.”
Paredes: “I have 1 World Cup and 2 Copa America’s, you have zero.” 🥶🥶
— All About Argentina 🛎🇦🇷 (@AlbicelesteTalk) March 26, 2025
پاریدێس رۆڵێکی باڵای لە شانازییەکانی ئەرجەنتین لە ساڵانی نێوان 2021 تاوەکو 2024 گێڕاوە. کەچی رۆدریگۆ لە نۆڤێمبەر/تشرینی دووەمی ساڵی 2019 یەکەم یاریی فەرمی لەگەڵ بەڕازیل کرد، ئەوکاتە بەڕازیل نازناوی کۆپا ئەمێریکای چەند مانگێک پێشتر بەدەستهێنابوو، بۆیە رۆدریگۆ بەبێ هیچ نازناوێک هەژمار دەکرێت.
ئەرجەنتین بە کۆکردنەوەی 31 خاڵ لە پلەی یەکەمی کۆمەڵەکەدا دێت، بە جیاوازی 16 خاڵ لەگەڵ ڤێنێزوێلای خاوەن پلەی حەفتەم، کەچی بەڕازیل بە کۆکردنەوەی 21 خاڵ لە پلەی چوارەمدا دێت.
شەش هەڵبژاردەی ئەمریکای باشوور، راستەوخۆ دەگەنە مۆندیالی 2026، خاوەن پلەی حەفتەم بەشداری پلەی ئۆفی جیهانی دەکات.