ریال مەدرید بەبێ ئەوەی مووچەیەکی خەیاڵی پێبدات ئارنۆڵد ‘بەخۆڕایی’ دەباتە ریزەکانی

یاریگا –
وردەکاریی گرێبەستەکەی ئارنۆڵد و ریال مەدرید ئاشکرابوو، ریال مەدرید بەبێ ئەوەی مووچەیەکی خەیاڵی پێبدات ئارنۆڵد ‘بەخۆڕایی’ دەباتە ریزەکانی.
فابریزیۆ رۆمانۆ رۆژنامەنووسی ئیتاڵی وردەکاریی گرێبەستەکەی ئالێکساندەر ئارنۆڵد و ریال مەدریدی ئاشکراکردووە، ریال مەدرید بەبێ ئەوەی مووچەیەکی خەیاڵی بە ئارنۆڵد بدات، دەیباتە ریزەکانی، بەگوێرەی سیستەمی یانەکە مووچەیەکی باش وەردەگرێت، بەڵام مووچەکەی ناگاتە مووچەی کیلیان ئێمباپێ و ڤینیسیسوس جونیۆر.
تەواو؛ ئالێکساندەر ئارنۆڵد و ریال مەدرید گەیشتنە رێککەوتنی کۆتایی
رۆمانۆ رایگەیاندووە، ریال مەدرید لە مێرکاتۆی زستانە سەرەتای ئەمساڵ لەبارەی نرخی گواستنەوەی ئارنۆڵد پرسیاری لە لیڤەرپوول کردبوو، بەڵام یانەکەی پرێمەرلیگ رەتیکردبووەوە دەستبەرداری ئارنۆڵد بن، ئەوان دڵنیابوون دەتوانن یاریزانە لاوەکەی یانەکەیان رازی بکەن گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە، بۆیە ریال مەدرید بڕیاریدا تاوەکو هاوین چاوەڕێ بکات، بۆ ئەوەی بێبەرامبەر بیگوازێتەوە ریزەکانی.
رۆمانۆ راشیگەیاندوووە، ریال مەدرید بەهیچ شێوەیەک گفتوگۆی لەگەڵ ڤیرجیل ڤان دایک نەکردووە کە ئەویش هاوینی داهاتوو گرێبەستەکەی لەگەڵ رێدز کۆتایی دێت، ریال مەدرید دەمێکە خۆی یەکلاکردووەتەوە، بۆ بەرگری لای راست تەنیا ئارنۆڵدی دەوێت.
کەناڵی سکای سپۆرتس رایگەیاندووە، لیڤەرپوول دەمێکە لە مانەوەی ئارنۆڵد بێ هیوا بووە، بۆیە لە ئێستاوە لە هەوڵدایە بۆ ئەوەی شوێنگرەوەیەکی باش بۆ شوێنی بەرگریکارە 26 ساڵانەکە بدۆزێتەوە، رۆژنامەی تایمزیش ئاشکرایکردووە ئارنۆڵد بڕیاریداوە چاڵنجێکی نوێ و ئەزموونێکی نوێ تاقیبکاتەوە، بۆیە جود بێڵینگهام هیچ کاریگەرییەکی لەسەر بڕیاری چوونی بەرگریکارەکەی رێدز بۆ مەدرید نەبووە.
ئالێکساندەر ئارنۆڵد هاوینی داهاتوو بە گرێبەستێکی ئازاد بۆ ماوەی پێنج ساڵ بە مووچەی هەفتانەی 220 هەزار پاوەند دەبێتە یاریزانی ریال مەدرید، کە لە دوای کیلیان ئێمباپێ، ئەنتۆنیۆ رۆدیگەر و داڤید ئالابا دەبێتە چوارەم یاریزان لە ماوەی چوار ساڵی رابردوو بە گرێبەستی ئازاد رووبکەنە ریزەکانی لۆس بلانکۆس.