چەند دەرونناسێک هۆکاری ئەنجامە باشەکانی بارسێلۆنا ئاشکرا دەکەن
راهێنەرێکی ژیر لە پشت ئەنجامەکانەوەیە...

یاریگا –
چەند دەروونناسێکی شارەزا، توێژینەوەیان لەسەر هانسی فلیک و هۆکاری ئاست بەرزی یاریزانانی بارسێلۆنا ئەنجامدا.
هانسی فلیک لەوەتەی لە هاویندا پەیوەندی بە بارسێلۆناوە کردووە، توانیویەتی باشترین سوود لە تیپەکە وەربگرێت و سەرجەم یاریزانانی یەکەم و تەنانەت یەدەگەکانیش بگەیەنێتە بەرزترین ئاستی کاروانی پیشەگەریان. بە رەفتارەکانی وەک لەباوەشکردنی یاریزانان و گفتوگۆی باوکانە و ستایش کردنیان، بووەتە کەسایەتییەکی دیار کە لای هەمووان خۆشەویست بووە.
مارکا راوێژی لەگەڵ پسپۆڕانی دەروونناس و راهێنەرانی وەرزشی کردووە، هەموویان جەخت لەسەر توانای سەرکردایەتیکردنی فلیک و زیرەکی بەرزی دەکەنەوە.
کارلۆس ری و فێرناندۆ کالێخۆ، دامەزرێنەرانی سەنتەری دەروونناسی و راهێنەرایەتی دەڵێن:
“فلیک بەهۆی یەکگرتوویی نێوان قسەکانی و کردارەکانیەوە جیاوازە”. “ئەو دەتوانێت هەستەکانی خۆی بەڕێوەببات و وەڵامی گونجاوی هەستەکانی کەسانی دیکە بداتەوە”. لەگەڵ میدیاکان ئەو جدییە، بڕێک گاڵتە دەکات، قسەخۆشە و میانڕەوە”. پەیامەکە روونە: نزیکبوونەوە لە یاریزانەکان بە رێز و بەرپرسیارێتیەوە نهێنی سەرکەوتنی تیپێکە.
هەروەها ئانتۆنیۆ فێرناندێز براڤۆ، دەروونناس و راهێنەری وەرزشی، سەبارەت بە فلیک دەڵێت:
فلیک سەرکردەیەکی ئارامە کە لە ساتەوەختە سەختەکاندا متمانە بە یاریزانەکان دەکات و بیرۆکەی یارییەکە دەپارێزێت، بەبێ ئەوەی فشار بگوازێتەوە بۆیان یان لە کۆنگرە رۆژنامەنووسیەکاندا، هەروەها جەخت لەوە دەکاتەوە بەکۆمەڵ کار بکەن. ئەمەش بۆ تیپێک کە یاریزانی گەنجی هەبێت زۆر گرنگە. هەروەها کار لەسەر یەکگرتوویی تیمەکانی کردووە.
هەروەها پەیوەندی فلیک لەگەڵ یاریزانەکان جێگەی سەرنجە، ری و کایجۆ دەڵێت:
ئەو گرنگی بە تەندروستی جەستەیی و دەروونییان دەدات و بە نزیکیی و سۆزەوە ژینگەیەکی سەلامەت و پارێزراو دروست دەکات بۆ ئەوەی یاریزانەکان بتوانن لە باشترین ئاستی خۆیاندا ئاستێکی بەرز پێشکەش بکەن بەبێ ئەوەی فشاری بەردەوامیان هەبێت بۆ ئەوەی خۆیان بسەلمێنن.
دوای بردنەوەکەیان بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید، گرتەیەکی ڤیدیۆیی فلیک کە بە سۆزەوە یاریزانەکان لە باوەش دەگرێت، بڵاوبووەوە. ئەمە نیشانەی متمانەی بەرزە بە یاریزانەکان. شارەزایان ئاماژە بەو متمانەیە دەکەن کە لە فلیکەوە سەرچاوەی گرتووە وەک هۆکاری فۆڕمی نایابی زۆربەی یاریزانەکان. فێرناندێز براڤۆ دەڵێت:
هەندێک لە راهێنەران متمانەی یاریزانەکان تێکدەدەن بە کارەکانیان. متمانە بەخۆبوون بۆ ئاستێکی بەرز زۆر گرنگە، بەتایبەتی بۆ ئەو یاریزانانەی کە لە ئاستی بەرزدا نین.
فلیک متمانە و بەرپرسیارێتی بەخشیوەتە یاریزانە لاوەکانی وەک کاسادۆی تەمەن 21 ساڵ، فێرمین تەمەن 21 ساڵ، یامال (17) ساڵ و کۆبارسی (18) ساڵ و کردوونی بە یاریزانی سەرەکی. ئەم گەشەکردنە تەنها بە متمانە و رێز و نزیکبوونەوە دەکرێت، بەو تێگەیشتنەی کە پێش ئەوەی یاریزان بن مرۆڤن و پێویستی سۆزدارییان هەیە.