ئاسیاعێراقگرنگترین

پریڤیوی یاریی فەڵەستین VS عێراق؛ دوا هەواڵ و پێكهاتەی پێشبینیكراو

پێکهاتەی پێشبینیکراو، دوا هەواڵ، ئەوەی پێویستە لەسەر یارییەکە بیزانیت

Yariga App

یاریگا –

ئەمشەو کاتژمێر 09:15 عێراق لە یارییەکی چارەنووسساز و گرنگدا لە پاڵاوتنەکانی ئاسیا بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2026 لە ئوردن لە یاریگای نێودەوڵەتی عەمان دەبێتە میوانی فەڵەستین.

عێراقییەکان قەیرانی دەستکەوتنی بلیتی یارییەکەیان هەیە

بەهۆی ئەوەی زیاتر لە 400 هەزار پەنابەری عێراقی لە ئوردن دەژین، قەیرانی دەستکەوتنی بلیتی یارییەکەی فەڵەستین و عێراق دروستبوو، سەدان کەس لە بەردەم دەرگای باڵیۆزخانەی عێراق لە عەمان ریزیان گرتبوو، داوای بلیتەکانی یارییەکەیان دەکرد.

دوای ئەوەی عێراق بەهۆی دۆخی ئەمنی و شەڕەوە ئامادە نەبوو لە فەڵەستین یارییەکە بکات، فەڵەستین بڕیاریدا یارییەکە لە ئوردن بکرێت، بەگوێرەی یاسا ٪8ـی بلیتەکانی یارییەکە بەشی هاندەرانی هەڵبژاردەی عێراقە، بەمەش تەنیا دوو هەزار بلیت بە هاندەرانی عێراق دەدرێت.

دابەشکردنی بلیتەکانی یارییەکە بە باڵیۆزخانەی عێراق لە عەمان سپێردراوە، ئەمەش قەیرانی بلیتی دروستکردووە، کە هاندەران گلەییان لە شێوازی دابەشکردنی بلیتەکانی یارییەکە هەیە.

شێرەکانی رافیدەین یاریی مان و نەمان دەکەن

یاریزانەکانی هەڵبژاردەی عێراق دوای یەکسانبوونەکەیان لەگەڵ کوێت، وەکو یاریی مان و نەمان سەیری ئەم یارییە دەکەن، زۆربەی یاریزانەکان لەسەر ئەوە کۆکن، ئەم یارییە بۆ ئەوان وەکو جەنگ وایە و یاریی مان و نەمانە.

ئاکام هاشم بەرگریکاری کوردی هەڵبژاردەی عێراق کە لە یاریی رابردوو گۆڵی یەکسانبوونی بۆ شێرەکانی رافیدەین کرد، لەبارەی یارییەکەی ئەمشەو دەڵێت :’یارییەکەی ئەمشەو بەرامبەر فەڵەستین یاریی مان و نەمانە، بردنەوەمان مانای وایە لە گەیشتنمان بە مۆندیال نزیک دەبینەوە و خەونی هاندەرانی عێراق دەهێنینە دی.

عێراق پێش ئەم یارییە لە کۆمەڵەی دووەم خاوەنی 12 خاڵە و لە پلەی سێیەم دێت، چاوێکی لەسەر یارییەکەی کۆریای باشووری یەکەم و ئوردنی دووەمی کۆمەڵەکەیەتی، کە کۆریای باشوور بە 15 خاڵ و ئوردن بە 12 خاڵ لە پلەکانی یەکەم و دووەم دێن.

عێراق چوار ئەگەری لەپێشە؛ چۆن دەگاتە مۆندیالی 2026؟

لەوانەیە ئەم یارییە دوا یاریی خیسوس کاساس بێت

لەسەر ئاستی میدیاکان و شرۆڤەکاران و هاندەران، رەخنەیەکی زۆر لە خیسوس کاساس راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق دەگیرێت، ئەگەر عێراق لەو یارییە نەباتەوە لەوانەیە ببێتە دوایین یاریی راهێنەرە ئیسپانییەکە لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق.

کاساس لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی پێش یارییەکە لەبارەی چارەنووسی خۆی گوتی :’لەوانەیە دوای ئەم یارییە بە ئارەزووی خۆم یان بەبێ ئارەزووی خۆم لە هەڵبژاردەی عێراق نەمێنم’.

پێکهاتەی پێشبینیکراوی عێراق بۆ یارییەکەی فەڵەستین

گۆڵپارێز: جەلال حەسەن

بەرگری: ئیبراهیم بایش، رێبین سولاقا، ئاکام هاشم، مەناف یونس، ئەحمەد یەحیا

ناوەڕاست: ئەمجەد عەتوان، زیدان ئیقبال

هێرشبەر: یوسف ئەمین، ئەیمەن حوسێن، عەلی جاسم

بابەتی زیاتر

Back to top button