
یاریگا –
ریال مەدرید خۆی بۆ گواستنەوەی دین هیوسن، بەرگریکاری بۆرنمس یەکلاییکردووەتەوە و چێڵسی رکابەری دەکات.
رادیۆی کادێنا سێر ئاشکرایکردووە، ریال مەدرید ئامادەیە بڕی 46 ملیۆن پاوەند بۆ گواستنەوەی هیوسن خەرج بکات، کە هەفتەی رابردوو یەکەم یاریی نێودەوڵەتی خۆی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا کرد.
لەلایەکی دیکەوە، چێڵسی هەوڵی تەواوی بۆ گواستنەوەی بەرگریکارەکە داوە، بەڵام پێناچێت بۆرنمس بە کەمتر لە 55 ملیۆن پاوەند، رێگە بە چوونە دەرەوەی هیوسن بدات.
لەم وەرزەدا، کەتیبەکەی کارلۆ ئانچێلۆتی، کێشەی زۆری لە هێڵی بەرگری بۆ دروستبوو، جیا لە زۆربوونی پێکانەکان، تەمەنی ئانتۆنیۆ رودیگەر و دەیڤد ئالابا گەیشتووەتە 32 ساڵ و ریال مەدرید پێویستی بە نوێکردنەوەی هێڵی بەرگرییە. ئامانجی ئەوەی لە هاوینی داهاتوودا، هیوسن و ترێنت ئالێکساندەر ئارنۆڵد، بەرگریکاری باڵی راستی لیڤەپروول بگوازێتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رادیۆکە بێت، بۆرنمس ئامادەیە لە بەرامبەر گواستنەوەی هیوسن، بە خواستن ئێندریک یاخود ئاردا گولەر بۆ ماوەی یەک وەرز بگوازێتەوە، لەگەڵ کەمکردنەوەی بەهای هیوسن.