هەموو شتێک بزانە؛ داهاتووی دی یۆنگ لە بارسێلۆنا یەکلاییبووەتەوە؟
دی یۆنگ کۆمەڵێک مەرجی هەیە

یاریگا –
فرێنکی دی یۆنگ، ئەستێرەی بارسێلۆنا دەیەوێت لە یانەکەی بمێنێتەوە و گفتوگۆکان لەسەر نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی دەستیانپێکردووە.
گرێبەستی ئێستای دی یۆنگ لە هاوینی ساڵی 2026 بەسەردەچێت، پلانی ئێستای یانەکە بریتییە لەوەی، وەرزی داهاتوو، نابێ گرێبەستی هیچ یاریزانێک کەمتر لە ساڵێک بۆ بەسەرچوونی مابێت.
تۆڕی ئاتلێتیک بڵاویکردووەتەوە، ساڵی رابردوو، بارسێلۆنا ئۆفەرێکی فەرمی بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی پێشکەشی دی یۆنگ کرد، بەڵام یاریزانەکە وەڵامی ئۆفەرەکەی نەدایەوە، کەچی هەر لەسەر گفتوگۆکردن بەردەوامبوون.
دی یۆنگ زۆر بە ژیانی بارسێلۆنا دڵخۆشە و خێزانەکەی کێشەیان لە ژیانی ئیسپانیا نییە.
لەم وەرزەدا دی یۆنگ بەشداری 29 یاریی کردووە، ئەمەش دوای چاکبوونەوەی لە پێکانی پاژنەی پێ، کە ناچاریکرد بەشداری لە یۆرۆی 2024 لە ئەڵمانیا نەکات. دی یۆنگ 10 یاریی لە ساڵی 2025 کردووە.
بەهۆی قەیرانی دارایی و بەرزی مووچەکەی، کێشەی توند لە نێوان دی یۆنگ و بارسێلۆنا دروستبوو، تەنانەت ساڵی 2022 بارسا ئامادەبوو بەبڕی 75 ملیۆن یۆرۆ، دی یۆنگ بە مانچێستەر یونایتد بدات، بەڵام دواتر کێشەکانیان چارەسەرکران.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دۆخی دی یۆنگ و بارسێلۆنا دەڵێت
تێچووی گرێبەستی دی یۆنگ زۆر بەرزە، سەرەڕای ئەوەی لە ساڵی 2019 بەبڕی 86 ملیۆن یۆرۆ گرێبەستی لەگەڵدا کراوە، بەڵام یاریزانەکە چەندینجار تووشی پێکانبووە و ئەمەش کاریگەری دارایی لەسەر یانەکە هەبووە.
بەگشتی دی یۆنگ لە مامەڵەی بارسێلۆنا ناڕازییە و ئێستا ئەمە بووەتە خاڵی سەرەکی گفتوگۆکانی نێوانیان.
دی یۆنگ 242 یاریی بۆ بارسێلۆنا کردووە، نازناوەکانی لالیگا و جامی شا و دوو جامی سوپەری ئیسپانیای بردووەتەوە.