سێ برا کفریان بردە قۆناخی پێشکۆتایی جامی هەرێمی کوردستان
زۆرترین و کەمترین مووچەی یاریزانانی کفری بزانە

یاریگا –
سێ برا لە کفری یانەکەیان بردە قۆناخی پێشکۆتایی جامی هەرێمی کوردستان و تیپەکەشیان لە خولی پلە یەکی کوردستان هێشتەوە.
بەبردنەوەی لە پێشمەرگەی هەولێر بە ئەنجامی 1 _ 0 ، کفری بۆ یەکەمجار لە مێژوو توانی بگاتە قۆناخی پێشکۆتایی جامی هەرێمی کوردستان، وێڕای ئەوەی ئەم وەرزە کفری بە کێشەی دارایی قوڵ تێپەڕ دەبێت بەڵام توانی لە قۆناخی هەشتی جامی هەرێمی کوردستان دەربەندیخان دووربخاتەوە و ئەمڕۆش پێشمەرگەی هەولێری لە پاڵەوانێتیەکە بێبەش کرد.
تۆڕی وەرزشی یاریگا زانیویەتی کە ئەم وەرزە بەرزترین مووچە لە یانەی کفری 250000 دوو سەد و پەنجا هەزار دینار بووە، کەمترین مووچەش 150000 سەد و پەنجا هەزار دینار بووە، هەر کاتێک تیپەکە هاوکاری کرابێت مووچەی یاریزانەکان دابەشکراوە و بە پێچەوانەوە چەند جارێک مانگێک زیاتر تێپەڕیوە مووچەشیان وەرنەگرتووە، پاداشتی دارایی دوای سەرکەوتنە گەورەکەی ئەمڕۆشیان بۆ هەر یاریزانێک بڕی بیست هەزار دینار بووە.
ئەوەی جێگای سەرنجە سێ برا یانەی کفری بەڕێوەدەبەن، هەریەک لە قادر محەمەد وەک سەرۆکی یانە و دڵشاد محەمەد وەک راهێنەر و حەسەن محەمەد وەک کاپتنی تیپەکە ئەم وەرزە مێژوویان بۆ کفری تۆمار کرد.