کاساس بۆ یارییەکەی سبەی پێنج گۆڕانکاریی لە پێکهاتەی هەڵبژاردەی عێراق دەکات

یاریگا –
کاساس بۆ یارییەکەی سبەی بەرامبەر فەڵەستین پێنج گۆڕانکاریی لە پێکهاتەی هەڵبژاردەی عێراق دەکات.
ماڵپەڕی بەناوبانگی WINWINـی عەرەبی ئاشکرایکردووە، خیسوس کاساس راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق بڕیاریداوە بۆ یاریی سبەی بەرامبەر فەڵەتسین لە پاڵاوتنەکانی ئاسیا بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2026 پێنج گۆڕانکاریی لە پێکهاتەکەیدا بکات، کە لە یاریی رابردوو لە بەسرە 2-2 لەگەڵ کوێت یەکسانبوون.
راهێنەرە ئیسپانییەکە بڕیاریداوە بۆ یارییەکەی سبەی بەرامبەر فەڵەستین، یاریی بە هەریەکە لە جەلال حەسەن، ئەحمەد یەحیا، ئاکام هاشم، ئەمجەد عەتوان و ئیبراهیم بایش بکات، لەکاتێکدا ئەو پێنج یاریزانە لە یارییەکەی کوێت لەسەر کورسی یەدەک بوون.
کاساس بڕیاریداوە وەکو یارییەکەی کوێت پشت بە دوو هێرشبەری سەرەڕم نەبەستێت، ئەیمەن حوسێن یان موهەنەد عەلی لەسەر کورسی یەدەک دەبێت و ئیبراهیم بایش شوێنی دەگرێتەوە، لە نێوان ئوسامە رەشید و زیدان ئیقبالیش یەکێکیان شوێنەکەی بۆ ئەمجەد عەتوان چۆڵ دەکات، مێرخاس دۆسکیش بەهۆی کەلەکەبوونی کارتەکانی بەردەست نابێت و ئەحمەد یەحیا شوێنی دەگرێتەوە، ئەحمەد باسڵیش دەستەوانەکانی بە جەلال حەسەن دەدات.
دوێنێ شاندی هەڵبژاردەی عێراقب بۆ یارییەکەی بەرامبەر فەڵەستین گەیشتە ئوردن و ئەمڕۆ دوایین مەشق و راهێنانیان بۆ یارییەکەی سبەی دەکەن، کە لەو یارییە جگە لە بردنەوە لەوانەیە هیوای شێرەکانی رافیدەین بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2026 لاواز بکات.
شرۆڤەکاران و ئەستێرەکانی پێشووی هەڵبژاردەی عێراق دوای یارییەکەی کوێت گلەییان لە کاساس کرد، هەر جارێک بە پێکهاتەیەک و پلانێک یاریی دەکات و پێکهاتەی هەڵبژاردەکە سەقامگیر نییە، کە سبەی سێشەممە عێراق کاتژمێر 09:15ـی شەو لە ئوردن رووبەڕووی فەڵەستین دەبێتەوە.