جێگرەوەی سەڵاح لە لیڤەرپوول کێیە؟
خەریکی بڕیاری یەکلاییکەرەوە دەدرێت

یاریگا –
ئۆڵێمپیک لیۆن ئامادەکاری بۆ دەستبەرداربوون لە تواناکانی رەیان شەرقی دەکات و لیڤەرپوول خۆی مەڵاس داوە.
تاوەکو ئێستا چارەنووسی محەمەد سەڵاح لەگەڵ لیڤەرپوول یەکلایینەبووەتەوە، بۆیە یانە ئینگلیزییەکە خەریکە هەڵسەنگاندن بۆ جێگرەوەی ئەستێرە میسڕییەکە دەکات.
شەرقی، یەکێکە لە دیارترین ئەستێرەکانی فەڕەنسا و لەم وەرزەدا لە تەواوی پاڵەوانیەتییەکان هەشت گۆڵ و 18 ئەسیستی هەبووە.
رۆژنامەی سەن بڵاویکردووەتەوە، لیڤەرپوول لە نزیکەوە چاودێری دۆخی شەرقی لەگەڵ لیۆن دەکات. یاریزانە 21 ساڵییەکە لەگەڵ هەڵبژاردەی ژێر 21 ساڵانی فەڕەنسا 5-3 لە هەڵبژاردەی ژێر 21 ساڵانی ئینگلتەرای بردەوە، گۆڵێک و دوو ئەسیستی لە یارییەکەدا هەبوو.
دوو ساڵە ناوی شەرقی لە میدیاکان باس دەکرێت و لە مێرکاتۆی زستانەی ساڵی رابردوودا، فولهام زۆر لە گواستنەوەی شەرقی نزیکبوو، بەڵام لیۆن ئۆفەری یانە لەندەنییەکەی رەتکردەوە.
لە مێرکاتۆی زستانەی رابردوودا، بۆڕووسیا دۆرتموند هەوڵێکی جیدی بۆ گواستنەوەی شەرقیدا و بڕی 19 ملیۆن پاوەندی پێشکەشی لیۆن کرد، بەڵام لیۆن ئۆفەرەکەی رەتکردەوە و ئامادەنەبوو لە ناوەڕاستی وەرز، دەستبەرداری شەرقی ببێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامە بەریتانییەکە بێت، لە مێرکاتۆی زستانەی داهاتوودا، لیۆن رێگری لە چوونە دەرەوەی شەرقی ناکات، چونکە گرێبەستەکەی لە هاوینی ساڵی 2026 بەسەردەچێت و نایەوێت بگاتە ئەو دۆخەی بە خۆڕایی دەستبەرداری ببێت.
لیۆن لە قۆناخی هەشتی یۆرۆپالیگ بەرامبەر مانچێستەر یونایتد یاریی دەکات و لەوانەیە ئەو دوو یارییە، بۆ دیارییکردنی چارەنووسی شەرقی یەکلاکەرەوە بێت.