
یاریگا –
یانەی زاخۆ لە دەستپێشخەرییەکی تایبەتدا بەبۆنەی مانگی رەمەزان، رۆژانە سەردانی ماڵی هاندەرانی یانەکە دەکات و هاوکارییان دەکات.
دەستەی کارگێڕی یانەی زاخۆ لە سەرەتای مانگی رەمەزانەوە تا ئێستا، رۆژانە سەردانی ماڵی هاندەرانی یانەکەیان دەکەن و کۆمەک و هاوکاری هاندەرانیان دەکەن، هەر رۆژێک سەردانی ماڵی هاندەرێکی یانەکەیان دەکەن، بە پێدانی کۆمەڵێک پێداویستی و درێسی یانەی زاخۆ وەفای یانەکەیان بۆ دووپات دەکەنەوە.
عەلی حاجی بەرپرسی راگەیاندنی یانەی زاخۆ بە تۆڕی وەرزشی یاریگای راگەیاند :’لە سەرەتای مانگی رەمەزانەوە تاوەکو ئێستا، دەستەی کارگێڕی یانەکەمان هەر رۆژێک سەردانی ماڵی هاندەرێکی یانەکەمان دەکەن، خواردن و بڕێک پارە و درێس و دیاری یانەی زاخۆیان پێدەدرێت، تاوەکو جەژن ئەم نەریتەی یانەکەمان بەردەوام دەبێت’.
هەروەها گوتیشی :’لەوانەیە دوای رەمەزانیش لەسەر ئەم نەریتە بەردەوام بین و ئەم نەریتە تەنیا تایبەت بە مانگی رەمەزان نەبێت، دوای جەژن وردەکاری و بڕی ئەو کۆمەكەی بەسەر هاندەراندا دابەشکراوە، ئاشکرا دەکەین’.
یانەی زاخۆ لەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراق خاوەنی زۆرترین هاندەرە و هەر یارییەک لە یاریگای نێودەوڵەتی زاخۆ بەڕێوە بچێت، نزیکەی 25 هەزار هاندەر لە یاریگا ئامادە دەبن و یانەکە لە پێشەنگی خولەکە دێت و نزیکە بۆیەکەمجار لە مێژوودا نازناوی خولەکە بباتەوە.