عێراق چوار ئەگەری لەپێشە؛ چۆن دەگاتە مۆندیالی 2026؟
ئەگەرەکانی سەرکەوتنی عێراق بۆ مۆندیالی ئەمریکا

یاریگا –
دوای یەکسانبوونەکەی عێراق لەگەڵ کوێت لە بەسرە، ئێستا عێراقییەکان دەپرسن ئایا شێرەکانی رافیدەین چۆن دەگەنە مۆندیالی 2026 و ئەگەرەکانی گەیشتنی هەڵبژاردەکە چۆنە.
مۆندیالی 2026 بۆیەکەمجار بە بەشداریی 48 هەڵبژاردە لە ئەمریکا و مەکسیک و کەنەدا بەڕێوە دەچێت، بۆیە ژمارەی کورسییەکانی هەر کیشوەرێک زیادی کردووە، پێشتر کیشوەری ئاسیا چوار بلیت و نیوی هەبوو، بەڵام بۆ مۆندیالی داهاتوو هەڵبژاردەکانی ئاسیا هەشت بلیت و نیویان دەبێت، واتە چانسی هەڵبژاردەکانی ئاسیا بۆ گەیشتن بە مۆندیال دوو هێندە زیادی کردووە.
لە سێ کۆمەڵەکەی قۆناخی کۆتایی پاڵاوتنەکانی ئاسیا بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2026، پلەی یەکەم و دووەمی هەر کۆمەڵەیەک راستەوخۆ دەگەنە مۆندیال، بەڵام ئەگەر عێراق ئەو دوو پلەیەشی لە کۆمەڵەکەی بەدەست نەهێنا، هێشتا هیوابڕاو نابێت و دوو چانسی دیکەی دەمێنێت.
لە کۆمەڵەی دووەمی قۆناخی کۆتایی پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026، عێراق بە کۆکردنەوەی 12 خاڵ بە جیاوازیی گۆڵ لەدواوەی ئوردنی دووەم دێت، کۆریای باشووریش بە 15 خاڵ پلەی یەکەمی کۆمەڵەکەی گرتووە، عێراق چوار رێگای لەپێشە بۆ ئەوەی بگاتە مۆندیالەکەی ئەمریکا.
ئەگەری یەکەم؛ هەر سێ یاریی داهاتووی لە کۆمەڵەی سێیەم بباتەوە
عێراق لە کۆمەڵەی دووەمی قۆناخی سێیەمی پاڵاوتنەکانی ئاسیا بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2026 سێ یاری ماوە، بە کۆکردنەوەی 12 خاڵ لە پلەی سێیەم دێت، ئەگەر هەر سێ یارییەکەی بەرامبەر فەڵەستین و کۆریای باشوور و ئوردن بباتەوە، ئەوا راستەوخۆ بلیتێکی مۆندیالی 2026 مسۆگەر دەکات.
عێراق ئەگەر هەر سێ یارییەکەی داهاتووی بباتەوە، دەبێتە خاوەنی 21 خاڵ و لە دوو بلیتەکەی کۆمەڵەکەی یەکێکیاک بۆ خۆی مسۆگەر دەکات و کۆریای باشوور و ئوردن و شەڕ لەسەر بلیتەکەی دیکە دەکەن.
ئەگەر دووەم: بردنەوەی عێراق لە فەڵەستین و دۆڕانی ئوردن بەرامبەر کۆریای باشوور
ئەگەر عێراق یاریی داهاتووی لە فەڵەستین بباتەوە و ئوردن بەرامبەر کۆریای باشوور بدۆڕێت، ئەوا شێرەکانی رافیدەین دەگەڕێنەوە پلەی دووەمی کۆمەڵەکەیان، ئەوکات ئەگەر ئوردن لە عومان بباتەوە و عێراق لە کۆریای باشوور بباتەوە، ئەوا لە دوایین گەڕ عێراق بەرامبەر ئوردن بە یەکسانبوونیش دەگاتە مۆندیال و پلەی دووەمی کۆمەڵەکەی بەدەست دەهێنێت.
ئەگەر ئوردن بەرامبەر کۆریای باشوور یەکسان بێت یان بدۆڕێت، ئەوا چانسی عێراق بۆ مۆندیال زۆر زیاتر دەبێت، چونکە ئەوکات ئەگەر عێراق لە فەڵەستین بباتەوە، چانسی عێراق بەپێش ئوردن دەکەوێتەوە، ئەگەر لەگەڵ عومانیش یەکسان بێت یان بدۆڕێت، ئەوکات عێراقیش بەرامبەر کۆریای باشوور بە یەکسانبوون یان دۆڕان هەر لە پێگەی خۆی دەمێنێتەوە.
ئەگەری سێیەم: پلەی سێیەم و چوارەمی کۆمەڵەکەی بەدەست بهێنێت
ئەگەر عێراق لە کۆمەڵەکەی نەتوانێت پلەی یەکەم و دووەمیش بەدەست بهێینێت، پلەی سێیەم یان چوارەم بەدەست بهێنێت، ئەوا دەچێتە قۆناخی پاشکۆ، کە خاوەنی پلەی سێیەم و چوارەمی هەر سێ کۆمەڵەکە دەچنە قۆناخی پاشکۆ و هەر شەش هەڵبژاردەکە دابەشی دوو کۆمەڵە دەکرێن، پلەی یەکەمی هەردوو کۆمەڵەکە دەگەنە مۆندیال.
بەڵام رێگای عێراق لە پاشکۆ هەروا ئاسان نابێت، چونکە بە ئەگەرێکی زۆر ئیمارات و قەتەر و سعوودیە و ئوستڕالیا و ئیندۆنیزیا بچنە ئەو قۆناخە و ئەونیش شەڕ لەسەر دوو بلیەتەکی دیکەی مۆندیال بکەن.
ئەگەری چوارەم؛ شەڕ لەسەر نیو کورسییەکەی کیشوەری ئاسیا بکات
ئەگەر عێراق لە قۆناخی پاشکۆش نەیتوانی بگاتە مۆندیالی 2026، هێشتا نیو کورسی دەمێنێت بۆ ئەوەی دەستی پێوە بگرێت و شەڕی لەسەر بکات، ئەگەر لە قۆناخی پاشکۆ لە کۆمەڵەکەی لەکۆی سێ هەڵبژاردەکە پلەی دووەمی بەدەستهێنا، ئەوا لەگەڵ پلەی دووەمی کۆمەڵەکەی دیکە رووبەڕوو دەبنەوە، براوەیان رووبەڕووی هەڵبژاردەیەکی ئەمریکای باکوور دەبێتەوە، بۆ ئەوەی کورسییەکی دیکەی مۆندیال لە نێوان هەردوو کیشوەرەکە یەکلا بکەنەوە.
عێراق لە مێژوودا تەنیا جارێک گەیشتووەتە مۆندیال
عێراق لە مێژوودا تەنیا جارێک گەیشتووەتە مۆندیال ئەویش لە مۆندیالی 1986 بوو، ئەحمەد رازی و هاوڕێیەکانی توانیان لە پاڵاوتنەکان بلیتێکی مۆندیالەکەی مەکسیک بەدەست بهێنن و بۆ یەکەمجار لە مێژوودا بەشداریی مۆندیالیان کرد.
عێراق لەو مۆندیالە لەکۆی سێ یاری نەیتوانی هیچ یەکسان و بردنەوەیەک بەدەست بهێنێت و هەر سێ یارییەکەی بەرامبەر مەکسیک و پاراگوای و بەلجیکا دۆڕاند و چوار گۆڵی لێکرا و تەنیا گۆڵێکی کرد، ئەو گۆڵە مێژووییەش لەلایەن ئەحمەد رازی لە خولەکی 59 لە یاریی بەرامبەر بەلجیکا تۆمارکرا.
دەرگای وەرگرتنی ڤیزەی ئەمریکا بۆ عێراقییەکان خەریکە دادەخرێت؛ چۆن ئامادەی مۆندیال بین؟