ئینگلتەراگرنگترین

هارڤی ئیلیەت: دەبێت پەیکەری یۆرگن کلۆپ لە ئەنفیڵد دابندرێت

Yariga App

یاریگا –

هارڤی ئیلیەت، ئەستێرەو یاریزانی لیڤەرپوول پێی وایە پێویستە یانەکە پەیکەرێکی یۆرگن کلۆپ دروست بکات و لە یاریگاکەیان دایبنێت.

میراتی یۆرگن کلۆپ لە لیڤەرپوول لە مێژووی یانەکەدا چەسپاوە، بەڵام هارڤی ئیلیەت پێی وایە راهێنەری پێشووی رێدز لە ئەنفیڵد شایەنی پەیکەرێکە.
کلۆپ هاوینی رابردوو دەستی لە پۆستی راهێنەرایەتی لیڤەرپوول کێشایەوە و کۆتایی بە ماوەی نۆ ساڵ سەرکردایەتی لیڤەرپوول هێنا. لەم ماوەیەدا حەوت نازناوی گەورەی بەدەست هێنا، لەوانەش پرێمەرلیگ و چامپیۆنزلیگ.

ئیلییەت لە ساڵی 2019 لە فولهامەوە پەیوەندی بە لیڤەرپوولەوە کرد، ئەو کاتە تەمەنی تەنیا 16 ساڵ بوو، تا ئەم وەرزەش تاوەکوو هاتنی ئارنێ سلۆت تەنیا یەک راهێنەر لە ئەنفێڵد ناسیبوو، ئەویش یۆرگن کلۆپ بوو.

هەر بۆیە یاریزانە باڵە لاوەکە لەکاتی باسکردنی ئەو رۆژەی کە راهێنەرە ئەڵمانیەکە بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو ماڵئاوایی لێکردوون دووبارە دڵتەنگ بوو.

ئیلییەت لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئەمازۆن پرایمدا گوتی:

ئەو رۆژە، بەڕاستی دۆخێکی سەیر بوو. یۆرگن لەو جۆرە راهێنەرانە نەبوو کە دوای یاریی کۆبوونەوەیەک ئەنجام بدات. هەموو یاریزانەکان قسەیان لەگەڵ یەکتر دەکرد و دەیانگوت چیبووە؟ چونکە پێشتر شتێکی لەم شێوەیە رووی نەدابوو. کە گەیشتینە لای، دیار بوو کێشەیەک هەیە. روون بوو کە دەیەوێت شتێک بڵێت، بەو پێیەی کە پێشتر بەزۆری وزەی هەبوو و دەم بە پێکەنین بوو، بەڵام ئەو رۆژە جیاواز بوو. پاشان گوتی لە کۆتایی وەرزدا تیپەکە بەجێدەهێڵێت. ئەو رۆژە زۆر سەیر بوو. وەک ئەوە وابوو کەسێکت لەدەست دابێت. هەمووان بێدەنگ بوون. هەموو یانەکە بێدەنگ بوون، چونکە کەس نەیدەزانی چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم هەواڵەدا بکات. تا دوا رۆژی ئامادەبوونی، قبول کردنی رۆیشتنی ئەستەم بوو.

ئیلیەت هەروەها پێی وایە کە بناخەی سەرکەوتنی لیڤەرپوول لەم وەرزەدا لەلایەن کلۆپەوە دانراوە و پێویستە بە شێوەیەکی تایبەت ئاهەنگ بگێڕدرێت بۆ رۆڵی ئەو راهێنەرە ئەڵمانییە لە مێژووی یانەکەدا.

هەر سەبارت بەم بابەتە گوتی:

یاریزانان، هاندەران، هەموو کەسێکی لەم یانەیە وەکوو خێزانێک لێکردووە. پێم سەیرە تا ئێستا پەیکەری ئەویان درووست نەکردووە. کلۆپ ئەم تیمەی دروست کرد، دەستکەوتی زۆری بەدەستهێنا. میراتێکی هەیە کە بۆ هەمیشە بەردەوام دەمێنێتەوە. شایەنی پەیکەرێکە لەسەر ئەو کارانەی بۆ ئەم تیپە کردوویەتی.

دوای کلۆپ، ئارنێ سلۆت ئەرکی قورسی جێگرتنەوەی ئەفسانەی یانەکەی لە ئەستۆ گرت. بەڵام راهێنەرە هۆڵەندییەکە لە لیڤەرپوول سەرەتایەکی خەیاڵی هەبووە و ئێستا تیپەکەی لە لێواری بردنەوەی نازناوی پرێمەرلیگدایە. رێدز بە 12 خاڵ لە پێشەنگی ریزبەندیە و ئارسناڵیش دووەمی ریزبەندی گرتووە.

بابەتی زیاتر

Back to top button