
یاریگا –
فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەڕازیل بە فەرمی چوار یاریزانی نوێی بۆ یاریی بەرامبەر ئەرجەنتین بانگهێشتی هەڵبژاردەكەی كرد، بەهۆی پێكانی یاریزانەكانیەوە.
دوێنێ هەڵبژاردەی بەڕازیل میوانداری هەڵبژاردەی كۆڵۆمبیای كرد و یارییەكەش بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێك لە بەرژەوەندی بەڕازیل كۆتایی هات.
لە یارییەكەدا ئالیسن بەیكەر و گێرسۆن تووشی پێكان بوون و بەهۆیەوە یاریگایان بەجێهێشت و ئەوە پشتڕاستكرایەوە كە ناتوانن بەشداری یاریی داهاتوو بەرامبەر ئەرجەنتین بكەن.
هەروەها هەریەک لە گابریێل ماگالاش و جۆیڵینتن كارتی زەردیان وەرگرت، بەهۆی كەڵەكەبوونی كارتە زەردەكانیانەوە ناتوانن بەشداری یاریی داهاتوو بكەن.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەڕازیل لە بەیاننامەیەكی فەرمیدا هەریەک لە جواو گۆمێز، بیراڵدۆ، ئێدەرسن و وێڤەرنی بۆیاریی بەرامبەر ئەرجەنتین بانگهێشتكردووە.
چاوەڕوان دەكرێت رۆژی چوارشەممەی داهاتوو هەڵبژاردەی بەڕازیل رووبەرووی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین ببێتەوە، لە میانی پاڵاوتنەكانی گەیشتن بە مۆندیالی 2026.