لە دوا گەڕی خولی پلە یەکی کوردستان خێراترین گۆڵی وەرز تۆمارکرا

یاریگا –
لە دوایین گەڕی خولی پلە یەکی کوردستان، خێراترین گۆڵی وەرزی رابردووی تۆمار کرا.
لە گەڕی 15ـەو کۆتایی خولی پلە یەکی کوردستان، 21 گۆڵ تۆمار کران کە 12 گۆڵ لە گێمی یەکەم و نۆ گۆڵیش لە گێمی دووەم تۆمار کران، خێراترین گۆڵی ئەم گەڕەش کە خێراترین گۆڵی تەواوی وەرزەکە بوو مورتەزا وەلید یاریزانی کۆیە بەرامبەر سۆران تۆماریکرد لە خولەکی یەکی یارییەکە.
پێنج گۆڵپارێز لە گەڕی رابردووی خولی پلەیەکی کوردستان کلین شیتیان کرد، هەر یەک لە روحەڵاشەریف لە خاک و حوسێن رەبیع لە هەڵۆ و ئاکام ئیسماعیل لە قەڵادزێ و ئەلەند خالید لە سێمێل و عومەرساڵح لە دهۆک هیچ گۆڵیکیان لێ تۆمار نەکرا، گەورەترین ئەنجامیش دهۆک بە دەستی هێنا و 6 _ 0 لە رواندزی بردەوە.
ژمارەی کارتە رەنگا و رەنگەکان لە گەڕی رابردوو 30 کارت بوو، 27 کارتی زەرد و سێ کارتی سوور لەلایەن ناوبژیوانانەوە بەرزکراوەتەوە، یانەکانی سۆران و خاک و کۆیە هیج کارتێکیان وەرنەگرت و لە کۆتا گەڕدا یاریی خاوێنیان کردووە.