فێرمین لۆپێز: یاریی کۆتایی لەگەڵ ریال مەدرید مێژوویی دەبێت

یاریگا –
فێرمین لۆپێزی یاریزانی بارسێلۆنا، ئەگەری رووبەڕووبوونەوەی تیپەکەی لەگەڵ ریال مەدرید لە یاری کۆتایی چامپیۆنزلیگ بە یارییەکی مێژوویی وەسفکرد.
لە دوایین چاوپێکەوتنیدا لەگەڵ رۆژنامەی سپۆرت، فێرمین لۆپێز ستایشی ئاستی هاوڕێکانی کرد لەم وەرزەدا و هەروەها یارییەکەی بەرامبەر ریال مەدرید لە یاری کۆتایی چامپیۆنزلیگ بە یارییەکی مێژوویی وەسف کرد.
لۆپێز کە ئێستا لە کەمپی هەڵبژاردەی ئیسپانیای خوار 21 ساڵاندایە، سەبارەت بە نەبوونی لە هەڵبژاردەی باڵای ئیسپانیا گوتی:
من ئەوە وەک هەنگاوێک بۆ دواوە نابینم و بە لەبەرچاوگرتنی تەمەن و تەندروستی من، پێگەی سروشتی منە. لێرەم بۆ ئەوەی هەموو ئەو کارانە بکەم کە داوام لێدەکرێت و ئەگەر دەرفەتێک هاتە پێشەوە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بگەڕێمەوە بۆ تیپی باڵا، بە دڵنیاییەوە ئامادە دەبم.
سەبارەت بە ئەگەری رووبەڕووبوونەوەی ریاڵ مەدرید لە یاری کۆتایی چامپیۆنزلیگ گوتی:
ئەمە یارییەکی کۆتایی مێژوویی و نایاب دەبێت و پێشوازی لێدەکەین. باوەڕم وایە توانای بردنەوەی هەر سێ جامەکەمان هەیە. خەونم ئەوە بوو لە بارسیلۆنا بم و دڵخۆشم کە هاتە دی. هیوادارم ساڵانێکی زۆر لێرە بمێنمەوە.
فێرمین کە بۆ یارییەکانی یۆرۆی 2024 بانگهێشت کرابوو دی لافوێنتێ دەرفەتی پێدا 28 خولەک لە پاڵەوانەتییەکەدا بەشداری بکات و لەگەڵ ئیسپانیا نازناوی یورۆی بردەوە، بەڵام ئەمجارە راهێنەرەکە بۆ یارییەکانی نەیشنزلیگ بانگهێشتی هێرشبەرەکەی نەکردووە و ئێستا بۆ هەڵبژاردەی خوار 21 ساڵان یاریی دەکات.