
یاریگا –
ئەمشەو کاتژمێر 09:15 عێراق لە قۆناخی سێیەمی پاڵاوتنەکانی ئاسیا بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2026 لە بەسرە میوانداریی کوێت دەکات، یارییەکە لە یاریگای نێودەوڵەتی بەسرە دەکرێت، کە لە یاریی یەکەمیان لە کوێت هەردوولا بەبێ گۆڵ یەکسانبوون.
ما نینگ ناوبژیوانی چینی راسپێدراوە بۆ ئەوەی یارییەکە لەگەڵ دەستەیەکی ناوبژیوانی چینی بەڕێوە ببات.
حەفت یاریزانی کورد بۆ هەڵبژاردەی عێراق بانگهێشتکراون و پێشبینی دەکرێت چواریان سەرەکی بن
حەفت یاریزانی کورد (مێرخاس دۆسکی، ئاکام هاشم، ئوسامە رەشید، یوسف ئەمین، هاروون ئەحمەد، مارکۆ فەرەج، ئاڵای فازڵ) لەلایەن خیسوس کاساسەوە بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق کراون، هاروون ئەحمەد بۆیەکەمجار بانگهێشتی هەڵبژاردەکە کراوە، رێبین سولاقا بەرگریکاری هەولێر و پیتەر گورگیس ناوەڕاستکاری دهۆکیش بانگهێشت کراون.
پێشبینی دەکرێت چوار یاریزانی کورد لە پێکهاتەی سەرەکی یارییەکەی ئەمشەو بن، مێرخاس دۆسکی، ئاکام هاشم، یوسف ئەمین و ئوسامە رەشید بەربژێرن بۆ ئەوەی لە 11 یاریزانە هەڵبژێردراوەکەی کاساسدا بن.
ئەیمەن حوسێن گەرچی پێکانی هەبوو، بەڵام دوێنێ بەبێ هیچ کێشەیەک بەشداریی راهێنانەکانی کرد و خیسوس کاساس لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی پێش یارییەکە، ئامادەیی ئەو هێرشبەرەی بۆ یارییەکەی کوێت دووپاتکردەوە.
ئەنجامی دوایین پێنج رووبەڕووبوونەوەیان
لە دوایین پێنج رووبەڕووبوونەوەیاندا، عێراق دوو بردنەوەی بەرامبەر کوێت بەدەستهێناوە و لە سێ یارییەکەی دیکەش یەکسانبوون، کوێت لەوەتەی جامی کەنداوی 2014 نەیتوانیوە لە شێرەکانی رافیدەین بباتەوە.
لە مێژوودا عێراق تەنیا یەک یاریی فەرمی لە رۆژی 20ـی ئادا کردووە، ئەویش ساڵی 2019 بوو، کاتێک شێرەکانی رافیدەین 1-0 لە سووریایان بردەوە.
جمهورنا.. الحافز الاكبر لتحقيق الانتصارات#المنتخب_الوطني_العراقي#المصرف_العراقي_للتجارة#وادي_الرواشد#الراعي_الرسمي pic.twitter.com/if2NOAs1I9
— IRAQ F.A. (@IRAQFA) March 19, 2025
عێراق پێویستی بە 3 خاڵی یارییەکەیە بۆ ئەوەی بگاتە مۆندیالی 2026
عێراق لە قۆناخی سێیەمی پاڵاوتنەکانی ئاسیا بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2026 بە کۆکردنەوەی 11 خاڵ لە پلەی دووەمی کۆمەڵەی دووەم دێت و کوێتیش بە کۆکردنەوەی 4 خاڵ لە پلەی پێنجەمی کۆمەڵەکە دێت، شێرەکانی رافیدەین جگە لە یارییەکەی کوێت سێ یاریی دیکەی بەرامبەر فەڵەستین، کۆریای باشوور و ئوردن ماوە، کە سێ خاڵ لە پێشەوەی ئوردنی سێیەم دێت.
پلەکانی یەکەم و دووەمی کۆمەڵەکەی عێراق راستەوخۆ بلیتی مۆندیال مسۆگەر دەکەن، کۆریای باشوور کە بە 14 خاڵ پلەی یەکەمی گرتووە، نزیکە بلیتی یەکەمی کۆمەڵەکە بۆ مۆندیالی داهاتوو مسۆگەر بکات، شەڕی عێراق و کوێت لەسەر بلیتی دووەمی کۆمەڵەکەیە.
ئەگەر عێراق بباتەوە نابێت هاندەران ئاهەنگ بگێڕن
لێژنەی ئەمنی بەسرە بڕیاریان داوە دوای یارییەکە رێگا بە هاندەران نەدەن ئاهەنگ بگێڕن.
بەهۆی ئەوەی چەندان پیاوی ئایینی رەخنەیان لە بەڕێوەچوونی یارییەکەی عێراق لە ساڵڕۆژی شەهیدبوونی ئیمامی عەلی
هەبووە، داوایان دەکرد یارییەکە نەکرێت، لێژنەی ئەمنی پارێزگاری بەسرە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند، بەهۆی
ئەوەی یارییەکە کەوتووەتە ساڵڕۆژی شەهیدبوونی ئیمامی عەلی، دوای یارییەکە رێگا بە هاندەران نادرێت ئاهەنگ بگێڕن.
پێکهاتەی پێشبینیکراوی عێراق بۆ یارییەکەی کوێت
گۆڵپارێز: جەلال حەسەن
بەرگری: مێرخاس دۆسکی – ئاکام هاشم – رێبین سولاقا – حوسێن عەلی
ناوەڕاست: زیدان ئیقبال – ئوسامە رەشید – ئەمیر عەماری
هێرشبەر: یوسف ئەمین – ئەیمەن حوسێن – ئیبراهیم بایش