
یاریگا –
فێران تۆرێس، هێرشبەری بارسیلۆنا و هەڵبژاردەی ئیسپانیا بەهۆی پێکانەوە ناتوانێت لە یەکەم یاری هەڵبژاردەکەی بەرامبەر هۆڵەندا ئامادە ببێت.
ستافی پزیشکی و تەکنیکی هەڵبژاردەی ئیسپانیا بەوپەڕی وریاییەوە لەگەڵ تۆرێس مامەڵە دەکەن. ئەو یاریزانە کە لەلایەن لویس دی لافونتێ بۆ یارییە نێودەوڵەتییەکان بانگهێشتی هەڵبژاردەی ئیسپانیا کراوە، لە کاتی یارییەکەی بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید لە یاریگای میترۆپۆلیتانۆ، بەهۆی بەرکەوتنی لەگەڵ یاریزانێکیتر هەستی بە ئازار کردووە.
تۆرێس کە ناوی لە لیستی کۆتایی یاریزانانی هەڵبژاردەی ئیسپانیادا بوو، لە چەند کاتژمێری رابردوودا دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە کە ئەگەری بەشداریکردنی لە یاریی بەرامبەر هۆڵەندا کەمە.
🚨🚨| Spain coach De la Fuente confirms that Ferran Torres has a bruise that will prevent him from participating tomorrow, but he will participate in Sunday’s match. pic.twitter.com/f3hZgjao8k
— Managing Barça (@ManagingBarca) March 19, 2025
راهێنەری هەڵبژاردەی ئیسپانیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا پێش یارییەکە سەبارەت بە دۆخی قرشەکە گوتی:
لێرە هەمیشە گرنگی بە تەندروستی یاریزانەکان دەدەین. فێران هەست بە ئازار دەکات کە رێگری لێدەکات بە شێوەیەکی ئاسایی راهێنان بکات، بۆیە وازی لە مەشقەکان هێنا. ئێمە دەمانەوێت بە باشی چاک بێتەوە و هیچ مەترسییەک ناخەینە سەری و هیوادارین بتوانێت رۆژی یەکشەممە یاری بکات.
فێران تۆرێس کەمپی هەڵبژاردە بەجێناهێڵێت، چونکە ستافی راهێنەرایەتی پێیان وایە دەتوانێت بۆ یاریی یەکشەممە لە یاریگای مێستایا ئامادە ببێت. بەڵام رۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی بانگەشەی ئەوە دەکات کە بەدڵنیاییەوە تۆرێس لە یەکەم یاری بەرامبەر هۆڵەندا ئامادە نابێت و ئێستا سەرنجی لەسەر چاکبوونەوەی خێرا و گەڕانەوەیە بۆ یاریگا بۆ یاری دووەمی هەڵبژاردەی ئیسپانیایە.