
یاریگا –
تیروپشک بۆ کات و شوێنی یاریی کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی کەنداو کرا و کات و یاریگای یارییەکانی چوون و گەڕانەوە لە نێوان دهۆک و قادسیەی کوێتی یەکلاکرایەوە.
رۆژی 8ـی ئەپرێل/نیسان یاریی چوون لە یاریگای محەمەد حەمەد لە کوێت بەڕێوە دەچێت، یاریی گەڕانەوە رۆژی 15ـی ئەپرێل/نیسان لە یاریگای دهۆک دەکرێت، کە خولی یانە پاڵەوانەکانی کەنداو بە شێوازی چوون و گەڕانەوە یەکلا دەکرێتەوە.
دهۆک یەکەمجارە بەشداریی خولی یانە پاڵەوانەکانی کەنداو دەکات و یەکەمجارە یانەیەکی عێراقی لە مێژووی پاڵەوانێتییەکەدا بەشداریی دەکات، کە دهۆک لەسەر ئەستۆی ئیتیفاق گەیشتە یاریی کۆتایی، لەوەتەی ساڵی 2015 خولەکە وەستابوو، ئەم وەرزە بۆیەکەمجار دەستیپێکردەوە.
یانەی دهۆک ساڵی 1970 دامەزراوە و لە مێژوودا جارێک بووەتە پاڵەوانی خولی عێراق کە لە وەرزی 2009/2010 بوو، وەرزی رابردوو هەڵۆیەکانی چیاکانی بادینان لە قۆناخی پاشکۆ بلیتێکی گەیشتنیان بە خولی پاڵەوانەکانی کەنداو بەدەستهێنا.
دهۆک لە قۆناخی کۆمەڵەکان لەگەڵ ئەهلی سەنعای یەمەنی، زەفاری عومانی، نەسڕی ئیماراتی یاریی کرد و لە 6 یاری 9 خاڵی بەدەستهێنا بە پلەی دووەمی کۆمەڵەکەی گەیشتە قۆناخی پێش کۆتایی، نەسڕی ئیماراتیش بە پلەی یەکەمی کۆمەڵەکە سەرکەوت.
دهۆک لە قۆناخی پێش کۆتایی لە یاریی چوون و گەڕانەوە 1-0 لە ئیتیفاقی سعوودی بردەوە، قادسیەی کوێتیش بە لێدانە یەکلاکەرەوەکان لە نەسڕی ئیماراتی بردەوە و پەڕییەوە یاریی کۆتایی.