میکێل مێرینۆ؛ ئەو چەکەی ئارتێتا دەیەوێت لە چامپیۆنزلیگ ریال مەدریدی پێ کۆتایی پێبهێنێت
هێرشبەرە ئیسپانییەکە لە چامپیۆنزلیگ دەبێتە فریادڕەسی گەنەرز؟

یاریگا –
دوای پێکانی خیسوس و هاڤێرتز، ئارتێتا چاوی لەوەیە بە چەکی مێرینۆ ئەم وەرزەی تەواو بکات، ئەو ناوەڕاستکارە ئیسپانییە بکاتە سەرەڕمی گەنەرز و لە چامپیۆنزلیگ ریال مەدرید پێ بکاتە دەرەوە، کە لە قۆناخی 16 بەرامبەر ئایندهۆڤن لە یاریی چوون گۆڵێک و ئەسیستێکی کرد.
میکێل مێرینۆ (28 ساڵان) هاوینی رابردوو بەرامبەر 32 ملیۆن یۆرۆ لە ریال سۆسیدادەوە پەیوەندی بە ئارسیناڵەوە کرد، لە هێڵی ناوەڕاست یاریی دەکات، بەڵام میکێل ئارتێتا دەیەوێت لەو بارە لەناکاوەی تووشی بووە، جێگای کای هاڤێرتز و گابریێل خیسوسی پێ پڕ بکاتەوە و ریال مەدریدی پێ لەناو ببات.
مێرینۆ لەوەتەی رۆژی 15ـی فێبرایەرەوە وەکو هێرشبەری سەرەڕم لە پێکهاتەکەی ئارتێتا یاریی دەکات، لە پرێمەرلیگ جگە لە محەمەد سەڵاح و عومەر مەرمووش هیچ یاریزانێکی دیکە لە مێرینۆ زیاتر گۆڵی نەکردووە، یاریزانە ئیسپانییەکە لە پرێمەرلیگ سێ گۆڵی کردووە، کە دوایینیان بەرامبەر چێڵسی بە لێدانی سەر بوو.
ئارتێتا لە مێرکاتۆی هاوینە گرێبەستی لەگەڵ هیچ هێرشبەرێکی سەرەڕم واژۆ نەکرد، بۆ رووبەڕووبوونەوەی ریال مەدرید لە قۆناخی چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگ چاوی لەوەیە مێرینۆ یانە ئیسپانییەکە بکاتە دەرەوە، کە سەرەتای مانگی داهاتوو بەیەک دەگەن.
مێرینۆ گەرچی بە کاتی و بە ناچاریی کراوەتە هێرشبەر، لە ساڵی 2025 بە درێسی ئارسیناڵ 5 گۆڵی کردووە، لەکاتێکدا کۆل پالمەر، هۆیلوند، زیرکزی، داروین نونێز، دیۆگۆ جۆتا و جاکسن لەو ماوەیە هێندە گۆڵیان نەکردووە.
مێرینۆ و ئارسیناڵ بە تۆپە جێگرەکان کۆتایی بە ریال مەدرید دەهێنن؟
ئەم وەرزە گۆڵکردن بە تۆپە جێگرەکان بەهێزترین و کاریگەرترین چەکی ئارسیناڵە، لە دەستپێکی وەرزی رابردووەوە تاوەکو ئێستا ئارسیناڵ تاکە یانەی پرێمەرلیگە 27 گۆڵی بە کۆڕنە کردبێت، لەکاتێکدا نزیکترین رکابەری ئارسیناڵ لەو ماوەیە لە خولەکە تەنیا 17 گۆڵی بە کۆڕنە کردووە.
ئارسیناڵ بەهیوایە میکێل مێرینۆ لە چامپیۆنزلیگ رۆڵی ئۆلیڤەر جیرۆ ببینێت، کە لە یاریی دوێنێ بەرامبەر بلووز بە سەرێک گۆڵی بردنەوەی لە دێربی لەندەن بۆ گەنەرز کرد.
ئارسیناڵ لەم وەرزە لەسەر ئاستی هەر پێنج خولە بەهێزەکەی ئەوروپا لە تۆپە جێگرەکان مەترسیدارترین یانەیە، بەڵام ریال مەدرید لە تۆپە جێگرەکان وەکو پێویست نییە و کەتیبەکەی کارلۆ ئەنچیلۆتی بە ئاسانی گۆڵی لێدەکرێت.