هیچ یاسایەک وەڵامی ناڕەزایەتییەکەی ریال مەدرید ناداتەوە

یاریگا –
لە ئیسپانیا و لە ئەوروپا هیچ یاسایەک نییە کە باس لە پشووی سێ رۆژە لە نێوان دوو یاریدا بکات.
FIFPro و AFE (کۆمەڵەی یاریزانانی پیشەگەری ئیسپانیا) پێشنیاری ئەوە دەکەن کە لانیکەم 72 کاتژمێر پشوو بە یاریزانان بدرێت، بەڵام هیچ مەرجێکی لەو جۆرە لە رێککەوتنی بەکۆمەڵی تۆپی پێی پیشەگەردا نییە. لالیگا خۆی لانی کەم 48 کاتژمێری دیاری کردووە.
ریال مەدرید لەسەر ئەم بابەتە هەڕەشە دەکات و ناڕەزایی دەربڕیوە سەرەتا یانەکە لە رێگەی تەلەفزیۆنی فەرمی ریال مەدرید رایگەیاند:
یانەکەمان چیتر هیچ یارییەک بەبێ پشوودانی 72 کاتژمێری ئەنجام نادات. پاشان کارلۆ ئەنچیلۆتی دوای سەرکەوتنەکەی بەرامبەر ڤیاریال جەختی لەوە کردەوە و گوتی: ئەمە دواجارە بە کەمتر لە 72 کاتژمێر پشوو یاری دەکەین.
ئەم هەڵوێستەی ریال مەدرید بووە هۆی ئەوەی لالیگا کاردانەوەی هەبێت. سەرچاوەیەک لە لالیگا بە رۆژنامەی ئاسی راگەیاند، رێساکان رێزیان لێدەگیرێت، چونکە هیچ بڕگەیەکی یاسایی ماوەی پشوودانی ناچاری لە نێوان یارییەکاندا باسی لێوە نەکراوە، بەڵام هەموو شتێک لە چوارچێوەی پێشنیاردایە و دەکرێت بیری لێبکریتەوە.
لە رێککەوتن یان یاساکانی لالیگا، فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا، یوێفا و فیفادا هیچ باسێک لە ماوەی پشوودان نەکراوە. بەڵام فیفاپرۆ لە ساڵی 2017ەوە پێشنیاری کردووە کە لانی کەم 72 کاتژمێر پشوو بۆ تەندروستی یاریزانەکان پێویستە. هەروەها کۆمەڵەی یاریزانانی پیشەگەری ئیسپانیا، هەمان هەڵوێستی هەیە و لە بەیاننامەیەکدا لە ساڵی 2021دا رایگەیاند کە بۆ پاراستنی تەندروستی یاریزانان پێویستە پشوویان پێبدرێت. بەڵام ئەم پێشنیارانە لە رووی یاساییەوە جێبەجێ نەکراون.