چێزنی گرێبەستەکەی لەگەڵ بارسێلۆنا نوێدەکاتەوە؟

یاریگا –
چێزنی باسی داهاتووی خۆی لە بارسێلۆنا دەکات و دەڵێت ‘هێشتا کاتی نەهاتووە’.
ڤۆیچیچ چێزنی گۆڵپارێزی پۆڵەندی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی لە دیمانەیەکی لەگەڵ کەناڵ پلەسی فەڕەنسی لەبارەی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ بارسێلۆنا بۆ ساڵێکی دیکە دەڵێت :’ئێستا ئەم بابەتە لە ئارادا نییە، ئێمە ئێستا هەر سێ رۆژ جارێک یاریی دەکەین، نامەوێت لەم کاتەدا بیر لەم بابەتە بکەمەوە، ئێمە یاریی ئاتلێتیکۆ مەدریدمان لەپێشە، ئینجا دواتر پشوویكی کورت وەردەگرین، دواتر سێ رۆژ جارێک یاریی دەکەین’.
هەروەها چێزنی دەشڵێت :’ئێستا من جگە لە خۆئامادەکردن بۆ یاریی داهاتوو بیر لە هیچ شتێکی دیکە ناکەمەوە، ئەمە هەڵاتن نییە لە وەڵامدانەوەی پرسیارەکە، بەڵکو بەوپەڕی راستگۆییەوە وەڵامم دایەوە’.
🗣️Wojciech Szczęsny: „Odrodziło się we mnie marzenie wygrania Ligi Mistrzów” 🏆 pic.twitter.com/b2HX6LJYbf
— CANAL+ SPORT (@CANALPLUS_SPORT) March 15, 2025
چێزنی هاوینی رابردوو دوای کۆتایی هاتنی گرێبەستەکەی لەگەڵ یوڤێنتوس وازهێنانی یەکجارەکی لە یاریکردن راگەیاند، بەڵام دواتر کاتێک تێرشتیگن تووشی پێکانێکی سەخت بوو، گرێبەستی لەگەڵ بارسێلۆنا واژۆ کرد و تاوەکو کۆتایی ئەم وەرزە گرێبەستی هەیە.
گۆڵپارێزەکەی پێشووتری ئارسیناڵ دەڵێت :’من نامەوێت رکابەریی تێرشتیگن یان هیچ کەسێکی دیکە بکەم، من کاتێک هاتمە ئێرە سێ بۆ چوار مانگ لەسەر کورسی یەدەک دانیشتم، هیچ کێشەیەکم نەبوو، من لە وازهێنان لە یاریکردن گەڕاومەتەوە، بۆیە هەستێکی نامۆم هەیە، هەر رۆژێک وەکو دیارییەک دەبینم، بۆیە نامەوێت رکابەریی هیچ کەسێک بکەم’.
گۆڵپارێزە پۆڵەندییە 34 ساڵانەکە لەم وەرزە 15 یاری بە درێسی بارسا کردووە و 14 گۆڵی لێکراوە و 8 کلین شیتیشی تۆمارکردووە.