ئیسپانیاگرنگترین

لالیگا وەڵامی ئەنچیلۆتی دەداتەوە و دەڵێت: ریال مەدرید چەواشەکاریی دەکات

کەناڵی ریال مەدرید هێرش دەکاتە سەر لالیگا و داوای هاوکاریی لە فیفا دەکات

Yariga App

یاریگا –

کۆمەڵەی لالیگا وەڵامی قسەکانی ئەنچیلۆتی دەداتەوە و رەتیدەکاتەوە، ریال مەدرید داوای دواخستنی یارییەکەی یان گۆڕینی کاتی یارییەکەی کردبێت.

رۆژنامەی مارکای ئیسپانی ئاشکرایکردووە، کۆمەڵەی لالیگا رەتیدەکاتەوە ریال مەدرید داوای گۆڕینی کاتی یارییەکەی بەرامبەر ڤیاڕیاڵ کردبێت، لەکاتێکدا کارلۆ ئەنچیلۆتی راهێنەری ریال مەدرید دوای یارییەکەیان بەرامبەر ڤیاڕیال گوتی ‘دوو جار داوای گۆڕینی کاتی یارییەکەمان کردووە، چیدیکە ئامادە نین پشووی نێوان دوو یارییمان لە 72 کاتژمێر کەمتر بێت، یاریی بکەین’.

کۆمەڵەی لالیگا بە رۆژنامەی مارکای راگەیاندووە، لەوەتەی رۆژی 25ـی فێبرایەر/شوبات کاتی یارییەکەی ریال مەدرید و ڤیاڕیالمان راگەیاندووە، ریال مەدرید بەهیچ شێوەیەک داوای گۆڕینی کاتی یارییەکەی نەکردووە، کۆمەڵەی لالیگا کە خاڤیێر تیباس سەرۆکایەتی دەکات، دووپاتیکردووەتەوە پێشتر زۆر جار ریال مەدرید داوای گۆڕینی کاتی یارییەکانی کردووە و داواکارییەکانمان بۆ بەجێگەیاندوون، بەڵام هەبوونی 72 کاتژمێر لە نێوان دوو یاریی مەرج نییە، بەڵکو ئێمە لە لالیگا ئەم مەودایەمان لە نێوان دوو یاریی یانەیەک کردووەتە پێویستی.

کۆمەڵەی لالیگا بە رۆژنامە مەدریدییەکەی راگەیاندووە، مەرجە دوو رۆژ پشوودان لە نێوان دوو یاریی یانەیەک هەبێت، نەوەک 72 کاتژمێر.

ریال مەدرید رۆژی چوارشەممەی رابردوو لە چامپیۆنزلیگ رووبەڕووی ئاتلێتیکۆ مەدرید بووەوە و دوای سێ رۆژ، دوێنێ شەممە لە لالیگا بووە میوانی ڤیاڕیال، ئەمەش بووە جێگای ناڕەزایەتی یاریزانان و راهێنەری ریال مەدرید.

Image

بەگوێرەی یاسا پێویستە 72 کاتژمێر پشوو بە هەر یانەیەک بدرێت؟

ساڵی رابردوو کاتێک ئاتلێتیکۆ مەدرید بەهۆی وادەی یارییەکی لە جامی شای ئیسپانیا بەرامبەر ئاتلێتیک بلباو پەنای بردە بەر دادگا و داوای گۆڕینی کاتی یارییەکەی کرد، دادگای وەرزشی بڕیاریدا مەرجە هەر یانەیەک بۆ ماوەی سێ رۆژ پشووی لە نێوان دوو یاریی هەبێت، نەوەک 72 کاتژمێر.

ئەوەی بەسەر ریال مەدریددا هات، مانگی داهاتوو بەسەر بارسێلۆناشدا دێت، بلاوگرانا رۆژی چوارشەممە 9ـی مانگی داهاتوو رووبەڕووی بۆڕووسیا دۆرتموند دەبێتەوە، دواتر رۆژی شەممە 12ـی هەمان مانگ بەرامبەر لیگانێس یاریی دەکات، ئینجا رۆژی سێشەممە 15ـی ئەپرێل بەرامبەر یانە ئەڵمانییەکە یاریی دەکاتەوە.

کەناڵی فەرمی ریال مەدرید: ریال مەدرید 72 کاتژمێر پشووی پێنەدرێت یاریی ناکات

کەناڵی فەرمی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی دوای یارییەکەی ڤیاڕیال رایگەیاندووە :’ریال مەدرید 72 کاتژمێر پشووی پێنەدرێت یاریی ناکات، رێگا نادەین تیباس لالیگا ناشرین بکات’.

دوای یارییەکەی ڤیاڕیال کەناڵی ریال مەدرید ئاشکرایکرد، ئەمە دەبێتە دوایین یاریی ریال مەدرید، کەمتر لە 72 کاتژمێر پشووی هەبێت یاریی بکات، ریال مەدرید تەنیا 66 کاتژمێر پشووی هەبوو لە نێوان یاریی ئاتلێتیکۆ مەدرید و ڤیاڕیال’.

کەناڵی یانە مەدریدییەکە داوای لە فیفاش کردووە، چیدیکە رێگا بەم جۆرە خشتانە نەدات، کە فیفا مانگی مارسی 2023 بەفەرمی رێنمایی ئاڕاستەی یانەکان و خولەکان کردووە و داوای لێکردوون هەر یاریزانێک پێش هەر یارییەک دەبێط 72 کاتژمێر پشووی هەبێت ئینجا یاریی بکات.

بابەتی زیاتر

Back to top button