
یاریگا –
پێپ گواردیۆلا، راهێنەری مانچێستەر سیتی، وردەکاریی قسەکانی لەگەڵ سیمۆن هوپەر، ناوبژیوانی یارییەکەی دوێنێی تیمەکەی بەرامبەر برایتن ئاشکرا کرد.
لە دوای هەژمارکردنی فاوڵێک لەسەر جێرێمی دۆکو، یاریزانی مان سیتی بە بیانووی نواندن، پێپ زۆر بە تووڕەیی هێرشیکردە سەر هووپەر و دوای یارییەکە روونیکردەوە، ئەگەر دۆکو خۆی بەرزنەکردایە، لەوانەیە قاچی شکابووایە.
ئەگەر خۆی هەڵنەدابا، لەوانەیە قاچی شکابووایە. جێرێمی یاریزانێک نییە نواندن بکات، بەهۆی ئەم جۆرە بڕیارانەوە، سەرنەکەوتین. بە ناوبژیوانم گوت، ئەگەر خۆی هەڵنەدات، لەوانەیە زۆر بە توندی لێی بدرێت. خۆی بەرزکردەوە تاوەکو خۆی بپارێزێت.
مان سیتی 2-2 بەرامبەر برایتن لە یاریگای ئیتیحاد یەکسانبوو، تیمەکەی گواردیۆلا دابەزیە پلەی پێنجەمی پرێمەرلیگ و ئێستا لە دۆخێکی سەختدایە بۆ بەشداریکردن لە چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو.
9 یاریی ماوە و هەر نۆ یارییەکە یاریی کۆتایین. پێموایە لە کۆتاییدا بە رێچکەیەکی دروست تێدەپەڕێت، بەردەوام گەشبینم، بەڵام گومانم لە هەندێ جووڵە هەیە. دەتوانیت هەست بە فشاری یاریگا بکەیت، بۆیە دەبێ باشتر یاریی بکەین.
مانچێستەر سیتی بەهۆی وەستانی فیفا، تاوەکو دوو هەفتەی دیکە هیچ یارییەک ناکات و لە 30ی ئەم مانگە لە قۆناخی هەشتی جامی FA بەرامبەر بۆرنمس یاریی دەکات.