لیڤەرپوول لە شوێنگرەوەی ڤان دایک نزیکبووەتەوە
رکابەری چەند یانەیەکی گەورەی پرێمەرلیگ دەکات

یاریگا –
لیڤەرپوول نزیکە لە یەکلاییکردنەوەی گواستنەوەی یەکێک لە باشترین بەرگریکارانی ئێستای پرێمەرلیگ
یانەکەی مێرسیساید لە کێبڕکێیەکی توندە لەگەڵ مانچێستەر یونایتد و چێڵسی بۆ گواستنەوەی مارک گێی، بەرگریکاری کریستال پاڵاس. رۆژنامەی میرەر بڵاویکردووەتەوە، لیڤەرپوول نزیکترین یانەیە لە گواستنەوەی بەرگریکارە 24 ساڵییەکە.
سەرەڕای هاتنە سەر هێڵی یانەکانی ئارسیناڵ، مانچێستەر سیتی و تۆتنهام، کەچی پێدەچێت یانەی داهاتووی گێی لە باکووری ئینگلتەرا بێت.
رۆژنامەکە روونیکردووەتەوە، لەوانەیە گێی ببێتە جێگرەوەی یەکەمی ڤیرجیڵ ڤان دایک کە لە کۆتایی ئەم وەرزە گرێبەستەکەی بەسەردەچێت و تاوەکو ئێستا مانەوەی یەکلایی نەکراوەتەوە.
گرێبەستی ئێستای گێی لە هاوینی ساڵی 2026 لەگەڵ پاڵاس بەسەردەچێت، بۆیە واژۆی بەرگریکارە ئینگلیزییەکە هەرزان نابێت.
لە هاوینی رابردوودا، نیوکاسڵ یونایتد زۆر لە گواستنەوەی گێی نزیکبوو، تەنانەت ئۆفەرێکی بەبڕی 71 ملیۆن یۆرۆی پێشکەشکرد، کەچی یانەکەی باشووری لەندەن رەتیکردەوە.
ئەم ئێوارەیە لیڤەرپوول و نیوکاسڵ لە یاریی کۆتایی جامی کاراباو لە وێمبڵی رووبەڕووی یەکتر دەبنەوە.